Accessibility links

حکومەت کۆماندۆ دەنێرێت و تاڵیبان درێژە بە هێرشەکانی دەدات


هێزە سەربازییەکانی ئەفغانستان لە شەڕدان تا یەکەم شاری سەرەکی وڵاتەکەیان نەکەوێتە دەست تاڵیبان، دوای ئەوەی لە ڕۆژانی پشووی هەفتەدا، یاخیبوانی تاڵیبان هێرشەکانی خۆیانیان ئێجگار قورس و توند کرد بۆسەر نێوەندەکانی ئەو شارە.

چەکدارەکانی تاڵیبان، لە شەودا هێرشیان کردۆتە سەر بەلانیکەم سیان لە پایتەختەکانی هەرێمەکان، لەشکرگە، قەندەهار، هەروەهاش هیرات؛ ئەم هێرشانەش دوابەدوای شەڕەکانی ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە بوون کە بە هۆیانەوە هەزاران کەسی سیڤیل هاوکاتی پێشڕەویی میلیشیاکان، ڕایان دەکرد و زێدی خۆیان جێدەهێشت.

شەڕەکانی شاری لەشکرگە پایتەختی هەرێمی هێلماند کە تاڵیبان هێرشی ڕێکخراویان دەکردە سەر نێوەند و سەر زیندانی شارەکە، ڕێک پاش چەند کاتژمێرێک بوون لە ڕاگەیاندنی حکومەت بۆ ناردنی سەدان کۆماندۆ بۆ ئەو ناوچەیە.

شەڕ و پێکدادانەکان لە سەرەتای مانگی 5ەوە چڕ بوونەتەوە بەهۆی ئەوەی یاخیبووانی تاڵیبان، سودیان وەرگرتووە لە دواهەمین قۆناغی کشانەوەی هێزە بیانییەکانی بەسەرکردایەتی ئەمەریکا.

هێزە بیانییەکان بۆ نزیکەی 20 ساڵ لە ئەفغانستان بوون.

هاوکاتی هەوڵەکانی هێزە ئاسایشییەکانی ئەفغانستان بۆ ڕێگەگرتن لە تاڵیبان، سەرۆکی وڵاتەکە لۆمەی تێکچوونی باری ئاسایشی ئەفغانستان لە ئەستۆی ئەمەریکا دەنێت.

ئەشرەف غەنی، لە لێدوانەکانی ئەمڕۆ دووشەممەیدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا دەڵێت "هۆکاری ئەم ڕەوشەی ئێستا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕیارە لەناکاوەی درا."

غەنی دەشڵێت ئاگاهیشی داوە بە واشنتۆن کە ئەو بڕیارە، وەک دەڵێت "بەرەنجامی خراپی دەبێت."

لە باشوری ئەفغانستانیش شەڕەکان لە شاری لەشکرگە بەردەوام بوون و هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەش بەرپەرچی هێرشە نوێیەکانی تاڵیبانیان دەدایەوە.

کەوتنی شاری لەشکرگە، گورزێکی گەورەی ستراتیژی سایکۆلۆژی دەبێت بۆ حکومەتی ئەفغانستان. کابوڵ پەیمانی بەرگریکردنی داوە لە پایتەختەکانی هەرێمەکان جا بە هەر نرخێک بێت، ئەم پەیمانەش دوابەدوای لەدەستدانی زۆربەی ناوچە دورنشینەکانە لە وڵاتەکەدا کە تاڵیبان دەستی بەسەردا گرتوون.

XS
SM
MD
LG