کاتێک لەمیا حاجی بەشاری تەمەن 23 ساڵان هەوڵی دەدا لەدەستی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) خۆی ڕزگار بکات، لە تەقینەوەی مینێکدا بینایی لەدەستدا و دەموچاویشی شێوا.
لەمیا تەمەنی 16 ساڵان بوو کاتێک چەکدارانی داعش لە ساڵی 2014 دایان بەسەر ناوچەی شەنگالدا، بە هەزاران پیاوی ئێزدییان کوشت و ژنەکانیشیان ڕفاند و بە زۆرەملێ کردیانن بە کۆیلەی سێکسی. نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو هێرشە دڕندانەیەی بە هەڵمەتی جینۆسایدی دژ بە ئێزدییەکان ناودێر کرد.
لەمیا حاجی بەشار کە ئێستا لە ئەڵمانیایە و لەوێ کارلەسەر هاتنەوە سەرخۆی دەکات بووە بە چالاکوانێکی بەهێزی ژنان و کچانی ئێزدی.
ئەو لە لێدوانێکیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا گوتی " حەوت ساڵ تێپەڕ بوو، بەڵام هێشتا داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکراون، شەنگال ئاوەدان نەکراوەتەوە تا خەڵکی بتوانن بگەڕێنەوە. خەڵکی ماندووبوون ئەوەندە لە ژێر چادرەکاندا بژین. بەشێکی زۆری کچ، ژن و منداڵمان هێشتا لە دەستی داعش ڕزگار نەکراون."
لە ساڵی 2016 لەمیا بەشار خەڵاتی سەخارۆڤی وەرگرت. ئەم خەڵاتە لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە بەو کەس و گروپانە دەبەخشرێت کە کار بۆ مافەکانی مرۆڤ دەکەن.
هەرچەندە لە ئێستادا خەلافەتەکەی داعش تێکشکاوە، گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن نزیکەی 2 هەزارو 600 ژن و کچی ئێزیدی هێشتا بێسەروشوێنن.
فایزە کەمال سولەیمان تەنها تەمەنی 12 ساڵ بوو کاتێک لە ساڵی 2014 کەوتە ژێر دەستی داعش. ئەو لە مانگی 9 ی ساڵی 2019 بە هاوکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پشتیوانی هێزەکانی ئەمەریکا، لە سوریا لە دەستی داعش ڕزگار کرا.
سولەیمان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا مەینەتی زۆرم بینی." ئەو خانمەی کە ئێستا لە کەمپێکی پەنابەرانی نزیک شاری دهۆک دژێت گوتیشی " وەکو کۆیلەی سێکسی چەند جارێک فرۆشرام." گوتیشێ حەوت ئەندامی خێزانەکەی لە ناویاندا خوشکە بچووکەکەشی هێشتا بێسەوشوێنن.
هێشتا نزیکەی 200 هەزار ئێزدی لە سەرانسەری باکوری عێراق ئاوارەن، کە بەشێکی زۆریان لە کامپە قەرەباڵغەکاندا دەژێن.
ناکس تامیس کە پێشتر وەک ڕاوێژکاری تایبەتی کەمینە ئایینیەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کاری کردووە دەڵێت " حەوت ساڵ زۆر بۆ ئەم خەڵکەی کە کرانە ئامانجی جینۆساید هێشتا لە ژێر چادرەکاندا ژیان بەسەر بەرن."
تامیس بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " دەبێت کاری باشتر بکەین و پێویستە هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوبەش بن لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکان ببینین."
تامیس، کە ئێستا لە ئینستتوتی ئاشتی ئەمەریکایە، گوتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و حکومەتانی ئەوروپا پێویستە هانی دەسەڵاتی عێراقی و کوردی بدەن " تا ئەو هەنگاوانە بنێن کە پێویستن بۆ هێنانە دی دادپەروەری ، دابین کردنی ئاسایش، بۆ ئەوەی خەڵک بچنە ماڵەوە و یارمەتی بدرێن لە بنیاتنانەوەی ژیانیان ".
لە ساڵی ڕابردوو حکومەتی نێوەندی عێڕاق لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا گەیشتنە ڕێککەوتنێک لەسەر ئاسایشی شەنگال. بەڵام چاودێران دەڵێن هەتا ئێستا ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە.
لەوەتای شکستی داعش زۆر لە لایەنەکان هەواڵیانداوە ئەو ناوچەیەی ئێزدییەکان کۆنترۆڵ بکەن، لەوانەدا هێزەکانی عێراق، هێزی پێشمەرگە، میلیشیا شیعییەکان و گروپە چەکدارەکانی سەر پەکەکە.
لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی ئازاری ئێزدییەکان، پەرلەمانی عێراق ئەمساڵ یاسای بەجینۆساید ناساندنی هەڵمەتی داعشی دژ بە ئێزدییەکان دەرکرد.یاسای ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی داوا لە حکومەت دەکات، کە قەرەبووی ئەو ژنە ئێزدیانە بکاتەوە، لە کە دەستی دڕندایەتی داعشدا ڕزگاریان بووە.
هەرچەندە بەشێکی زۆری ڕزگاربوان دەڵێن کارێکی زۆر کەم کراوە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانیان.
هالە سافیلی تەمەن 23 ساڵ لە ساڵی 2017 لە دەستی داعش ڕزگارکرا، دەڵێت " هەمو ساڵێک گوێمان لە هەمان ئەو بەڵێنانە دەبێتەوە، بەڵام بۆ ئێمە هیچ ناگۆڕێت."
هالە سافیل لە وتووێژێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەوان دەڵێن داعش نەماوە. ئەگەر وایە، ئەی کوا بێسەروشوێنەکانمان؟ پەرلەمان یاسایەکی بۆ ڕزگاربووە ئێزدییەکان پەسەند کرد، بەڵام کوا جێبەجێکردنەکەی؟ ئێمە کردارمان دەوێت."
سافیل گوتیشی " کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بەردەوامە چونکە ئێمە هێشتا زۆرمان بێسەروشوێنن، زۆربەمان هێشتا لە کەمپەکاندا دەژین."
شارەزایان دەڵێن پێویستە بەرپرسیارکردنی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانەی دژ بە ئێزدییەکان هەنگاوی یەکەم بێت بۆ هێنانەدی دادپەروەری بۆ قوربانیانی ئێزدی.
جێرمی پی بارکەر بەڕێوەبەری تیمی کرداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئینستتوتی ئازادی ئاینی دەڵێت " لە ناوخۆی عێراقدا میکانیزمی دادگایییەکی بەمانا کە بە کۆمەڵگەی ئێزدی و ڕزگاربووانی دیکەی ئەو کردارە دڕندانانە بڵێت 'ئێمە دەزانین چی لە ئێوە و کۆمەڵگەکەتان کراوە و ئەو کەسانە بەرپرسیار دەکەین'ئەمە شتێکی گرنگە کە تا ئێستا چارەسەرنەکراوە."
ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاشگەیاند " گرنگیشە میکانیزمێکی گونجاو و هەنگاوێکی ڕوون بگیرێتەبەر بۆ کارکردن لەسەر ئەو بەڵگە و گەواهیدانانەی کە کۆکراونەتەوە و بخرێتە بەردەوام دادگایەکی مانادار."