بافڵ تاڵەبانی و بەشێکی زۆر لەبەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێیانوایە، قۆناغی کارکردنی لاهور شێخ جەنگی وەکو دەسەڵاتدار و هاوسەرۆک لەنێو حیزبەکەیاندا کۆتایی هاتووە، لە ئێستاشدا هەرچەندە لەلایەک سەرقاڵن بە چارەسەرکردنی کێشەی لاهور شێخ جەنگیەوە، بەڵام لەلاکەی تر، بیر لە دروشمی نوێ و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حیزبەکەیان بۆ قۆناغی داهاتوو دەکەنەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، هێشتا کێشەی لاهور شێخ جەنگی لەنێو یەکێتی دا بەتەواوەتی کۆتایی پێنەهێنراوە، بەڵام ژمارەیەک لە سەرکردە دێرینەکانی ئەو حیزبە، کەوتوونەتە جم و جۆڵ و پەیوەندی، دەیانەوێ لە قۆناغی داهاتوودا ڕۆڵیان پێبدرێتەوە.
جم و جۆڵە نوێ یەکان
دوای ڕووداوەکانی 8 ی تەموز و لاوازبوونی پێگەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی، بەهۆی لێسەندنەوەی دەزگا ئەمنیەکان لێی، لە ئێستادا بەشێک لە سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی کەوتوونەتە جم و جۆڵ و پەیوەندی گرتن لەگەڵ یەکتری.
سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی لە کۆنگرەی پێشووی حیزبەکەیاندا لاوازکران و ئۆباڵی لاوازبوونیشیان خستە ئەستۆی لاهور شێخ جەنگی، بەو پێ یەی ئەوکات باڵادەستبوو بەسەر کەشی کۆنگرەدا، بەڵام لە ئێستادا و لەغیابی ئەودا، ، دەیانەوێت ڕۆڵ پەیدا بکەنەوە.
بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەکی ناو یەکێتی، جم و جۆڵ و پەیوەندی گرتنی سەرکردە دێرینەکان بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێت، بەشێوەیەک ئەوان دەیانەوێت، سود لە دۆخی ئێستای یەکێتی وەربگرن و ڕۆڵ پەیدا بکەنەوە، کە سەرچاوەکان سەرکردە دێرینەکانیان بە "خەتی سێ یەم" ناوبرد.
وەک سەرچاوەکانی دەنگی ئەمەریکا ئاماژەیان بۆ کرد، ڕەنگە ڕۆڵ بدرێتەوە بە بەشێک لە سەرکردە دێرینەکان، بەڵام جارێکی تر خانەوادەی جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی، ڕێگە نادەن کەس هاوشێوەی خۆیان، بگاتە لوتکەی دەسەڵاتی حیزبی.
محەمەد وەتمان ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی و یەکێک لەفەرماندە دێرینەکانی ئەو حیزبە، لەبارەی جوڵەی سەرکردە دێرینەکان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کۆنگرەی پێشوو گەر شەرعی بووبێت یان ناشەرعی، تازە 124 کەس بۆ سەرکردایەتی هەڵبژێردراون و هاتوونەتە مەیدان، ئێستا هیچ ڕێگایەکی شەرعی نیە، بۆ زیاتر هاتنە پێشەوەیان."
وتیشی"باشتر وایە، کۆمیتەیەکی بەڕێوەبردن بۆ ماوەی ساڵێک بۆ یەکێتی پێکبهێنرێت، تا کێشەی نێوان کاک بافڵ و کاک لاهور کۆتایی دێت، ئەوان کەس و کارو ئامۆزای یەکترن، باشترە ڕێکبکەون و دەست نەکێشنە گیانی یەکتری."
پارتی و ڕووداوەکانی نێو یەکێتی
پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی دا پێکەوە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبەن، بۆیە پارتی لەگەڵ چاودێریکردنی دۆخی نێو یەکێتی دا، بیریشی لەچۆنیەتی ڕێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەو حیزبە کردووەتەوە.
سەرباری بوونی ڕێککەوتنی نێوانیان بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان، بەڵام پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی هەمیشە هەڵکشان و داکشانی بەخۆوە دیووە، زۆرجار لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە هێرشیانکردووەتە سەر یەکتری و یەکتریان، بەخراپی دۆخی هەرێم تۆمەتبار کردووە.
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی، یەکێک لە دەسەڵاتدارە باڵاکانی نێو حیزبەکەی بوو، کە خراپی پەیوەندیەکانی لەگەڵ پارتی دا، کاریگەری هەبوو لەسەر مامەڵەی نێوان ئەو دوو حیزبە لەگەڵ یەکتری.
بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی پێیانوایە، پارتی ڕۆڵی ڕاستەوخۆی لە ڕووداوەکانی 8 ی تەموز و لاوازکردنی پێگەی لاهور شێخ جەنگی دا نەبووە، بەو پێ یەی جگە لە هێزی چەکداری یەکێتی، هیچ هێزێکی دەرەوەی ئەو حیزبە، دەستوەردانی نەکردووە بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکە لەبەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی، بەڵام نایشارنەوە پارتی دۆخە نوێ یەکەی پێخۆشە.
سایت و سۆشیال میدیای نزیک لە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی، دەستوەردانی پارتی لە کێشە نێوخۆییەکانیان ڕەتدەکەنەوە، هۆکاری ڕووداوەکان بۆ خراپ سود وەرگرتنی لاهور شێخ جەنگی و نزیکەکانیان لەدەسەڵاتەکانیان دەگێڕنەوە، بەڵام نزیکەکان لە لاهور شێخ جەنگی، پارتی و دەستی دەرەکی تۆمەتبار دەکەن.
خەسرەو گۆران ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، لە بارەی دۆخی نێوخۆیی یەکێتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"پارتی و یەکێتی بە زۆر هەوراز و نشێودا تێپەڕیوون، جار هەبووە ڕێککەوتنی ستراتیژی هەبووە لەنێوانمان، جاریش هەبووە، توشی شەڕی نێوخۆیی بووین، بۆیە وەکو پارتی لەگەڵ تەبا بوونداین، چونکە تەبایی دەستکەوتەکانمان دەپارێزێت."
جەختیشیکردەوە"دوای کێشەکانی نێو یەکێتی،چی ڕوودەدات، هێشتا زووە بۆ ئەوە، چونکە یەکێتی هێشتا لەنێو خۆیان کێشەکانیان تەواو نەبووە."
بیرۆکەیەک لای بافڵ تاڵەبانی و نزیکەکانی دروستبووە، بەوەی هەڵگرتنی دروشمی دژایەتیکردنی پارتی لەڕابردوودا هیچی لێسەوز نەبووە،ئەوان پێیانوایە لاهور شێخ جەنگیپارتی پێ لاواز نەکراوە و هیچ سودێکی لەم دروشمە نەبینیووە، جگە لە ڕاکێشانی سۆزی خەڵک نەبێت، بۆیە دەیانەوێت دروشمەکە بگۆڕن.
بافڵ تاڵەبانی و نزیکەکانی وایدەبینن، باشترین قۆناغ لەهەرێمی کوردستاندا، ئەوکاتە بووە کە ڕێککەوتنی ستراتیژی لەنێوان پارتی و یەکێتی دا هەبووە و خەڵک حەساوەتەوە، بۆیە دەیانەوێت دروشمەکە لە گوتاری دژە پارتیەوە بگۆڕن بۆ هەڵگرتنی دروشمی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەندێک هەنگاویش بنێن، لەم ڕێگەیەوە سۆزی جەماوەر بەدەست بهێننەوە.
محەمەد وەتمان ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی، بەپێویستیزانی یەکێتی و پارتی گەر بیانەوێ هەرێم بەڕێوەببەن، ڕێککەوتنێکی تازە ئەنجام بدەن، وتی"دەبێت یەکێتی و پارتی لەسەر هەموو پرسەکانی بەغدا و ناوخۆی هەرێم ڕێکبکەون، گەرنا، ناتوانن هەرێم بەڕێوەببەن."
لەپاڵ پەیوەندیەکانیدا لەگەڵ پارتی، یەکێتی نیشتمانی لەدوای ڕووداوەکانی 8 ی تەموز، دڵنیایی داوە بە بزووتنەوەی گۆڕانیش، بەوەی بەردەوامی بەهاوپەیمانێتیەکەیان دەدەن و ڕووداوە نێوخۆییەکان، هیچ کاریگەریان لەسەر هاوپەیمانێتیەکەیان نابێت، بۆ ئەو مەبەستە قوباد تاڵەبانی سەردانی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕانی لە سلێمانی کردووە.
مانەوەی کێشەی لاهور شێخ جەنگی
لەکاتێکدا یەکێتی نیشتمانی و خودی بافڵ تاڵەبانی، سەرقاڵی ڕێکخستنەوەی پەیوەندیەکانیانن لەگەڵ لایەنەکان و بیر لەچۆنیەتی بەڕێوەبردنی حیزبەکەیان و گۆڕینی دروشمەکان دەکەنەوە، هێشتا کێشەی لاهور شێخ جەنگی بەتەواوەتی یەکلایی نەکراوەتەوە.
لاهور شێخ جەنگی هەرچەندە دەسەڵاتە حیزبیەکانی لێسەندراوەتەوە و هێزە ئەمنیە هەستیارەکانیشی لەبن دەست دەرهێنراوە، بەڵام هێشتا بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان کە خواستی دەباشانە، ڕەتدەکاتەوە.
لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێکی پێشووتری ڤیدۆییدا، بەئاشکرا ڕایگەیاند"داوای لێکراوە هەرێمی کوردستان جێبهێڵێت، گەرنا، هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی."
دوای بەدوای ئەو پەیامە، ژمارەیەک لە لایەنگرانی، لەبەردەم ماڵی لاهور شێخ جەنگی لەگەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی کۆبوونەوە، ئەمەش لەنێوخۆیی ئەو شارە مەترسی لێکەوتەوە، بەتایبەت کاتێک باس لە جوڵاندنی هێزکرا بۆ نزیک ماڵی لاهور شێخ جەنگی، ئەم ئاڵۆزیە تا شەویش ڕابردووش بەردەوامبوو، هەرچەندە دەزگا ئەمنیەکان جوڵاندنی هێزیان ڕەتکردەوە.
چەند سەرچاوەیەک لە نێو یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە زانیاریان بەدەنگی ئەمەریکادا، ئاماژەیان بەوەکرد هەرچەندە بافڵ تاڵەبانی هێشتا پێداگرە لەسەر ڕۆیشتنە دەرەوەی لاهور شێخ جەنگی، بەڵام جەختیانکردەوە"یەکێتی لەبەردەم هەڵبژاردندایە، دۆخەکەش هەستیارە، نایانەوێت پشێوی ڕووبدات، بۆیە دەبێت بیر لە کارت و ڕێوشوێنی تر بکرێتەوە."