بەگوێرەی زانیاریەكان گرووپێك لە چەكدارانی داعش بازگەیەكیان دانا لە نزیك گوندی كەندار- گردەشینەی سەر ڕێگای قەزای مەخمور و چەند كەسێكیان برینداركرد و پێنج كەسیشیان ڕفاند، کە هێشتا چارەنوسیان نادیارە و ئازاد نەكراون.
غازی فەیسەڵ فەرماندەیەكی خۆبەخشی پێشمەرگە لەبارەی ڕووداوەكە بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند :" ئەو داعشانە هەر هەفتە كردەوەیەكی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن خەڵك دەڕفێنن و سەرانە وەردەگرن، شەو دوو مەفرەزەی چەكدارانی داعش هاتنە خوارەوە و بازگەیان دانا پێنج ئۆتۆمبێلیان ڕاگرت كە خەڵكی مەدەنی بوون یەكێك لەو ئۆتۆمبێلانە كە زانیبوی ئەوانە چەكداری داعشن و جلوبەرگی تریان لەبەركردووە ویستیان ڕابكەن بەڵام داعش تەقەی لێكردن سێ كەس لەناو ئەو ئۆتۆمبێلە بوون هەرسێكیان برینداركردن یەكێك لەوانە برینەكەی سەختە و چوار ئۆتۆمبێلەكەی تریش كە ژمارەیان تا سێزدە كەس دەبوون بە كورد و عەرەبەوە بەلێدان و ئەشكەنجەدانێكی زۆرەوە بەرەو شاخی قەرەچۆغیان بردن هەندێك لەوانە تەمەنیان گەورەبوو نەیاندەتوانی بەرەو شاخی قەرەچۆغ بچن بەلێدانێكی زۆرەوە بەجێیانهێشتن."
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گووتیشی : " تا ئێستا كە قسە دەكەم پێنج كەسی خەڵكی مەخمور كە لە دوو عەرەب و سێ كورد پێكهاتوون لەبەر دەستی چەكدارانی داعشن لە ناو شاخی قەرەچۆغ."
فەیسەڵ دەشڵێت " چەكدارانی داعش لە دوای ساڵی 2017 كە هێزەكانی پێشمەرگە كشانەوە، سوپای عێراق هاتە پێشتر و فەراغێكی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە لە شاخی قەرەچۆغ دروستبوو پێی دەڵێن سنوری مادەی 140 ناوچە كێشە لەسەرەكان، بەداخەوە چەكدارانی داعش لەو ناوچەیە چەندین بارەگایان كردەوە".
سەبارەت بە بنكە و بارەگا و شوێنی مانەوەی چەكدارانی داعش، غازی فەیسەڵ دەڵێت" بەدیاریكراوی چەكدارانی داعش لە شاخی قەرەچۆغن، شاخی قەرەچۆغ بووەتە موڵگە و مەرجەعی ئەمیر و سەركردەكانیان داعش گرووپ و هێز پێكدێنن و هێرشدەكەنە سەر ڕۆژئاوای كەركوك و ناوچەی سەرگەڕان و قەراج، كێشەی داعش زۆر گەورەیە كێشەی مادی و تەكنەلوژی نییە، دەبێت لەگەڵ سوپای عێراق تەنسیقێكی باشترمان هەبێت".
لەمیانەی وتووێژەكەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا غازی فەیسەڵ فەرماندەی خۆبەخشی پێشمەرگە گووتیشی " ئەو پێنج كەسەی لەدەست داعشن خەڵكی ناو مەخمورن و دوو كەسی تریش خەڵكی گوندەكانی دەوروبەری مەخمورن و تا ئێستاش داعش ئازادی نەكردوون و خەڵك چاوەڕێ دەكات و كەسوكارەكانیان زۆر نیگەرانن، چەكدارەكانی داعش كۆنن لە مێژەوە لە وێ هەن بابەتی داعش لە شاخی قەرەچۆغ زۆر درێژەی كێشا.و زەرەری یەكجار گەورەیان لێداین لە شەهیدكردن و تۆقاندن و ترساندن و سوتاندنی دەغڵودان".