Accessibility links

جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی: گەر تەزویرات ئەنجام نەدرێت، کورسی باش دەهێنین لەکەرکوک


qaftan
qaftan

بەرپرسێکی باڵای بەرەی تورکمانی ڕایدەگەیەنێت، تەماعی بەدەستهێنانی ژمارەیەکی باش لە کورسیەکانی کەرکوکیان هەیە، گەر پێشێلکاری و تەزویران ئەنجام نەدرێت، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە دژی گەڕانەوەی پێشمەرگەن بۆ کەرکوک.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، قەحتان وەنداوی جێگری سەرۆکی لقی کەرکوکی بەرەی تورکمانی دەڵێت"پێکهاتەی تورکمان گەڕانەوەی پێشمەرگە ڕەتدەکاتەوە، پێشمەرگە سەر بە هەرێمی کوردستانەوە و ئەرکی لە دەستوردا دیاریکراوە کە پاراستنی هەرێمە، ئەرکی پێشمەرگە ناو کەرکوک نیە، هێزە عێراقیەکانی نێو کەرکوک، بەسن بۆ پاراستنی ئەمنیەتی شارەکە."

جەختیشیکردەوە"دۆخی ئەمنی کەرکوک باشە، هیوادارین برایانمان لەیەکێتی نیشتیمانی دۆخی کەرکوک نەوروژێنن، چونکە کەرکوک تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەمووان کۆکین لەسەر ئەوەی هێزە عێراقیەکان ئیدارەی دۆسیەی ئەمنی بەرنە ڕێووە."

سەبارەت بە ڕای بەرەی تورکمانی لەسەر گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکوک، بەرپرسەکەی بەرەی تورکمانی وتی"پارتی هێزێکی ناو کەرکوکە، مۆڵەتی فەرمیان هەیە بۆ ئەنجامدانی کاری حیزبی لەناو شارەکە."

دەربارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق و ئامادەکاریەکانی بەرەی تورکمانی بۆ هەڵبژاردن، قەحتان وەنداوی دەڵێت"هەڵبژاردنی پێشوەخت داواکاری جەماوەرە و ڕێککەوتن کراوە لەسەر کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە، کاتەکەش لەلایەن حکومەتەوە دیاریکراوە، ئەرکی بنەڕەتی حکومەت ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بوو."

وەنداوی دەشڵێت"ئێمەی تورکمان ترسمان لە تەزویرات و پێشێلکاری هەیە لە پرۆسەی هەڵبژاردن، چاودێری ئەنجامدان و هەنگاوەکان دەکەین، گەر هەڵبژاردنێکی پاکی بێ تەزویرات بکرێت، تورکمان کورسی باش بەدەست دێنێت، ناڵێین چەند کورسی دێنین، ئەمە دەوەستێتەوە سەر ئیرادەی دەنگدەری تورکمان."

وەک جێگری سەرۆکی لقی کەرکوکی بەرەی تورکمانی ئاماژەی بۆ کرد، پەیوەندیان لەگەڵ هەموو هێزە عێراقی و کوردیەکان باشە، وتی"بەرەی تورکمانی هەمیشە کراوە بووە بەرامبەر هەموو هێزە عێراقی و کوردیەکان، پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە و سەردانی یەکتری دەکەین، هیوادارین ئەم پەیوەندیانە پەرەپێبدەین بۆ هەموو ئاستەکان."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، قەحتان وەنداوی جێگری سەرۆکی لقی کەرکوکی بەرەی تورکمانی، ڕەتیکردەوە دابەشبوونی تورکمانەکانی کەرکوک بەسەر شیعە و سونە زیان بە پێگەیان بگەیەنێت، وتی"تورکمان یەک میللەتە، مەزهەب دابەشی نەکردووە، ئەوەی کۆی دەکاتەوە، وشەی تورکمانە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:32 0:00


XS
SM
MD
LG