Accessibility links

سەرەک وەزیری ئیسرائیل حکومەتی لوبنان بەرپرسیار دەکات


سەرەک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت "حکومەتی لوبنان بەرپرسیارە لەو هێرشە موشەکیانەی لە خاکی لوبنانەوە دەکرێنە سەر ئیسرائیل، جا حزبوڵا کردبنی یان نا."

لێدوانەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەی نافتالی بێنێت، پاش چەند ڕۆژێکە لە گەورەترین ئاستی بەرزبوونەوەی توندوتیژییەکان لە نێوان حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیلدا لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا.
سەرەک وەزیری ئیسرائیل ئاگاهیش دەدات وەک دەڵێت "ئەگەر ئەو هێرشە موشەکیانە بەردەوامبن، ئەوا ئیسرائیلیش بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە بەرفراوان دەکات."

بێنێت هاوکاتی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی لەگەڵ ئەندامانی کابینەی حکومەتەکەیدا دەڵێت "دەبێت لوبنان و لەشکری لوبنانیش بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن لەسەر ئەو شتانەی لەناو خاکی وڵاتەکەیاندا دەکرێن."

چەکدارەکان لە لوبنان بە درێژایی هەفتەی ڕابردوو، ژمارەیەکی بەرچاو هێرشی موشەکییان کردۆتە سەر ئیسرائیل و بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە ئیسرائیل هێرشێکی زۆری ئاسمانیی کردۆتەوە سەر لوبنان و وەک چاودێر دەڵێن جۆر و چۆنییەتی ئەو هێرشە ئاسمانیانە بێپێشینە بوون.

ڕۆژی هەینیش، حزبوڵا موشەکی تری گرتۆتە ئیسرائیل، ئیسرائیلیش بە تۆپبارانێکی چڕ وەڵامی حزبوڵای داوەتەوە.

سەرەک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت "ئەوەی گرنگ نەبێت بەلای ئیسرائیلەوە ئەوەیە کێ ئەو هێرشە موشەکیانە دەکات، ڕێکخراوێکی فەلەستینی بێت یان یاخیبووانی سەربەخۆ، بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە دەوڵەتی ئیسرائیل هێرشکردنە سەر وەڵاتەکی قەبوڵ ناکات."

ئەم لێدوانانەی نافتالی بێنێت، یەک ڕۆژ پاش ڕاگەیەندراوەکەی حەسەن نەسروڵا، سەرۆکی حزبوڵا بوو کە دەیگوت "تۆڵەی هەموو هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل دەکاتەوە و ئەوە هەڵەیە گەر بگوترێت بەهۆی دابەشبوونی سیاسی ناو لوبنان و ئەو قەیرانە قورسە ئابورییەی لە لوبناندا هەیە، ئیتر جموجۆڵەکانی حزبوڵا سنوردار دەبن."

XS
SM
MD
LG