4 منداڵی یەک خێزان دەکوژرێن لە ئاکامی تۆپبارانەکانی درەنگانێکی ڕۆژی شەممەی ناوچەیەکی باکوری ڕۆژئاوای سوریا لەلایەن ڕژێمی وڵاتەکەوە.
ئەو ناوچەیە وەک ڕوانگە ڕێکخراوی سوریایی بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت دوا پێگەی جیهادییەکان و لایەنەکانی دژ بە ڕژێمی سوریایە.
ڕوانگە، بنکە لە لەندەن دەڵێت "چوار منداڵ لە یەک خێزان کوژراون لە ئاکامی ئەو تۆپبارانەی ڕژێمی سوریا بە تۆپی قورس کردویەتیە سەر ماڵ و خانوبەرەی نیشتەجێبوونی خەڵکی سیڤیل لە شارۆچکەی قەستون لە نزیک ئیدلبەوە."
هێشتاش نیوەی هەرێمی ئیدلب و هەندێک ناوچەی دەوروبەری ئەو هەرێمەش لە دەرەوەی دەسەڵاتی ڕژێمی سوریادان و هەیئەتی تەحریری شام کە ڕێکخراوێکی جیهادییە باڵا دەستە لەو ناوچانەدا.
نزیکەی 3 ملیۆن کەس دانیشتووی ئەو ناوچانەن و نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو دانیشتوانەش بریتین لە ئاوارەکانی ناو سوریا.
لە ڕۆژی 6ی مانگی 3ی ساڵی 2020ەوە ئاگربەست هەیە لەو ناوچەیەدا، پاش ئەو هێرشە بەرفراوانەی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا بە پشتیوانی ڕوسیا بۆ ماوەی 3 مانگ کردیانە سەر ناوچەکان و وەک نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بەهۆی ئەو هێرشەوە نزیکەی یەک ملیۆن کەس ئاوارەبوون.
تا ئێستاش ئاگربەست بەردەوامە، وێڕای ئەو پێشێلکارییە بەردەوامەکان، بەڵام هێزەکانی حکومەتەکەی بەشار ئەلئەسەد لە مانگی 6ەوە بۆردومان و تۆپبارانی بەشی باشوری تەواوی ئەو ناوچانەی زیاتر کردووە.
ئەسەد لە وتارەکەیدا هاوکاتی سوێندخواردنە یاساییەکەی بۆ گەڕی چوارهەمی سەرۆکایەتییەکەی، سووربوونی خۆی ڕاگەیاند بۆ دەستبەسەرداگرتنەوەی ئەو ناوچانەی لەژێر ڕکێفی حکومەتدا نەماون.
بەهۆی پشتیوانی ڕوسیا و کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کە هاوپەیمانی سەرەکی ڕژێمی سوریان، هێزەکانی حکومەتی سوریا توانییان دوو لەسەر سێی سوریا بخەنەوە ژێر دەستی خۆیان.
لە ساڵی 2011وە شەڕێکی خوێناوی ناوخۆیی لە سوریادا دەستیپێکردووە و بەهۆی ئەم شەڕەشەوە نزیکەی 500 هەزار کەس کوژراون و ژێرخانی وڵاتەکەش وێران بووە بە ملیۆنان خەڵکیش ئاوارەی ناو و دەرەوەی سوریا بوون.