لەگەڵ هەروادێ و فراوان بوونی ڕووبەری ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیادا، هاشتاگی "# یارمەتی تورکیا بدەن" مشتومڕێکی زۆری لەو وڵاتەدا دروستکردووە.
ئۆفیسی دادپارێزی گشتی تورکیا، لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو هاشتاگە دەستپێکردووە لەو وڵاتە دابەشبووەدا کە بچوکترین ڕووداو دەبێتە مایەی وروژاندنی پشتیوانکاران و دژەبەرانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا.
ئەم ئاگرکەوتنەوەیە، یەکێکە لەو کێشە گەورانەی ئەردۆغان ڕووبەڕووی بۆتەوە لەوەتای لە 18 ساڵ لەمەوبەرەوە دەسەڵاتی گرتۆتە دەست.
سەرۆکی تورکیا دەڵێت ئەو هاشتاگە "تۆقاندنە لە ڕێی درۆکانی لە ئەمریکا و ئەوروپا و شوێنی تری دیاریکراوەوە بڵاودەکرێنەوە."
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داواکردنی یارمەتی بۆ وڵاتەکەی بە گرفت دەزانێت و دەڵێت "بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هاشتاگە تەنها یەک شت هەیە و ئەوەیش ئەوەیە کە تورکیا بەهێزە."
ئۆفیسی دادپارێزی گشتی تورکیا دەڵێت دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە تا بزانرێت ئایا مەبەست لەو هاشتاگە نانەوەی ترس و نیگەرانییە لەناو خەڵکی تورکیادا و سوکایەتی کردنە بە حکومەتی تورکیا یان نا.
ئەنجومەنی ڕێکخەری کاروباری میدیا، هەڕەشەی سزادانی دارایی کەناڵەکانی تەلەفزیۆن دەکات ئەگەر بێتوو دیمەنی راستەوخۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیادا پەخش بکەن و هەروەهاش ئەگەر وتارێکیش بڵاوبکەنەوە ببێتە مایەی ترس و نیگەرانی دانیشتوان.
زۆربەی کەناڵەکان بەپێی ئەو ڕێنوماییانە کار دەکەن و ئەمەش بۆتە هۆکارێک بۆ کەمبوونەوەی ڕووماڵی ئاگرکەوتنەوەکان لە تورکیادا.
حکومەتی تورکیا ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بۆتەوە پاش ئەوەی دەرکەوت کە وڵاتەکە تواناییەکی تایبەتی نییە بۆ بەکارهێنانی ئاو لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا و هەروەهاش ڕەتکردنەوەی کۆمەک و یارمەتییە بیانییەکان.
وڵاتی یۆنان، ڕکابەرە ناوچەییەکەی تورکیا، پێشنیازی یارمەتیدانی حکومەتی تورکیای کردبوو بەڵام ئانکەرە ئەو پێشنیازەیشی ڕەتکردۆتەوە.
بۆ داکۆکی لە خۆ کردن، حکومەتی تورکیا ئەو هاشتاگە وەها دادەنێت کە ئەژمارە ساختەکان بڵاویان کردۆتەوە تا کاریگەری بکەنە سەر ڕای گشتی.
ئەم هاشتاگە لە کاتێکیشدایە کە چاودێرییەکی زۆر بەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە لە تورکیادا و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لایەنگری حکومەت باڵیان کێشاوە بەسەر میدیای وڵاتەکەدا.
بەشێک لە پسپۆڕانی میدیا گومانیان هەیە لەوەی ئەژمارەکانی ئەم هاشتاگەیان بەکارهێناوە ساختە بن و ئاماژەش دەکەن بەوەی وەک دەڵێن "هاوکاتی ئەم مشتومڕانە، ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا بەردەوامن و حکومەت کێشەی ڕاستەقینەی هەیە لە میکانیزمەکاندا و بیگومانیش ئیتر حکومەت پەنا دەباتە بەر چەواشەکاری بە مەبەستی بێدەنگکردنی دەنگە ناڕەزاکانی ناو تۆڕەکانی سۆشیال میدیا."