Accessibility links

ڕەئیسی، جێگری یەکەم و بەڕێوبەری ئۆفیسەکەی دادەنێت


سەرۆکی ئێران دەستیکردووە بە پڕکردنەوەی پۆستەکان لە حکومەتەکەیدا پاش ئەوەی وەک سەرۆکی ئێران دەستبەکاربوو.

ئیبراهیم ڕەئیسی، ناوی جێگری یەکەمی خۆی ڕاگەیاندوە و وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی ئێراندا هاتووە "موحەمەد موخبر، جێگری یەکەمی سرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێرانە."
موخبر، یەکێکە لەو کەسانەی ناوی لە لیستی ئەمەریکادایە بۆ سزادراوەکانی ئێران.

پێشتریش ناوی موخبر لە راپۆرتە هەواڵییەکانی ناوخۆی ئێراندا هەبووە کە دیارترین کاندیدە بۆ ئەم پۆستە. موخبر، سەرۆکی "لیژنەی جێبەجێکردنی فرمانی ئیمام خومەینی" بووە لە ساڵی 2007دا، ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو ئەرکەی پێسپاردووە. بەر لەو پۆستەی، موخبر ژمارەیەک پۆستی فەرمی هەبووە لە هەرێمی خوزستان، دەوڵەمەند بە نەوت.

لیژنەی جێبەجێکردنی فرمانی ئیمام ڕوحوڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، پێکهێنراوە و ئەرکەکەیشی بەڕێوەبردنی ئەو موڵکوماڵانە بووە لە پاش شۆڕشی 1979 دەستیان بەسەردا گیراوە.

دواتر ئەرکی ئەو لیژنەیە فراوانتر کراوە و چەند بوارێکی تریشی گرتۆتەوە لەوانە بواری تەندروستی و کاریشی لەسەر یەکەم پڕۆژەی دروستکردنی ڤاکسینی دژە کۆڤید 19 کردووە. ئەم پڕپژەیەش لە مانگی 6ی ڕابردوودا پەسەندکرا بۆ بەکارهێنان لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە ناوی موخبر، لە لیستی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکادایە بۆ سزادان و هەروەها لیژنەکەیشی، وەک لە راگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەدا هاتووە "ئەو لیژنەیە بەشی هەیە لە نزیکەی هەموو کەرتەکانی ئابوری ئێراندا لەوانە وزە و پەیوەندی و گواستنەوە و دارایشدا."

رۆژی سێشەممەی ڕابردوو، ئایەتوڵا خامنەئی، فرمانی دەستبەکاربوونی ڕەئیسی ڕاگەیاند و ڕۆژی پێنجشەممە لەبەردەم پەرلەمانی ئێراندا سوێندی یاسایی خوارد.
ڕەئیسی تەنها دوو هەفتەی لەبەردەستدایە تا ناوی ئەندامانی حکومەتەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمان، تا متمانەی ئەندامانی پەرلەمانی ئێران بدرێت بە حکومەتەکەی.

ڕەئیسی پێشتر، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بووە و ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆری وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆتەوە لە پەیوەندی بە دۆسێکانی مافەکانی مرۆڤەوە. لە ساڵی 2019وە ناوی سەرۆکی ئێستای ئێران لە لیستی سزادراوەکاندایە لەلایەن ئەمەریکاوە.

سەرۆکی نوێی ئێران، ناوی غولام حوسەین ئیسماعیلی ڕاگەیاندووە وەک بەڕێوەبەری ئۆفیسی سەرۆکی ئێران. غولام حوسەین، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بوو ئەو کاتەی ڕەئیسی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکە بووە.
غولام حوسەین ئیسماعیلی، ناوی لە لیستی یەکێتی ئەوروپادایە بۆ سزادان بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە.

ئیبراهیم ڕەئیسی، لە هەڵبژاردنێکدا بۆتە سەرۆکی ئێران کە هیچ ڕکابەرێکی بەهێزی تیادا نەبووە و وەهاش چاوەڕوان دەکرێت لەم چوار ساڵەی سەرۆکایەتییەکەیدا، بەرەی کۆنەپارێزانی ئێران باڵ بکێشێت بەسەر جومگەکانی دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی لە کۆماری ئیسلامیدا و بەتایبەتیش پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020ی ئێراندا، کاندیدەکانی کۆنەپارێزان بوونە زۆرینەی پەرلەمان یان مەجلیسی شورا.

بەپێی ئاژانسی فەرمی دەنگوباسی ئێران، ڕەئیسی شارەوانێکی نوێی بۆ تاران دیارکردووە و ئەو پۆستەی بە عەلی ڕیزا زاکانی داوە.

زاکانی، بۆ سێ خوڵ ئەندامی پەرلەمانی ئێران بووە و پاش ئەوەی دەست لە ئەندامێتی شورا دەکشێنێتەوە، وەک ئێرنا دەڵێت ئەوجا لە پۆستە نوێیەکەیدا دەستبەکار دەبێت.

زاکانی یەکێک بوو لەو 7 کاندیدەی پەسەند کرابوو تا ببێتە کاندید بۆ هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئێران.

XS
SM
MD
LG