Accessibility links

لە ئەفغانستان ڕۆژنامەوانێک دەکوژرێت و ڕۆژنامەوانێکیش دەڕفێندرێت


وێنەی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەوان و چالاکوانانی ئەفغانستان کە کوژراون
وێنەی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەوان و چالاکوانانی ئەفغانستان کە کوژراون

چەکدارە گومانبارەکانی تاڵیبان، بەڕێوەبەری ئێستگەیەکی ڕادیۆی ئەفغانستانیان کوشتووە لە کابوڵ و هەروەهاش ڕۆژنامەوانێکیان لە هەرێمی هێلماند لە باشوری وڵاتەکە ڕفاندووە، وەک کاربەدەستانی حکومەتی خۆجێیی باسیان کردووە و ڕاپۆرتیان لەسەر دواترین زنجیرە هێرش داوە بۆ بە ئامانج گرتنی کارمەندانی میدیا.

چەکدارەکان ڕۆژی یەکشەممە لە کابوڵ پایتەختی ئەفغانستان، تەقەیان لە تۆفان عومەر، بەڕێوەبەری ئیستگەی "پەکتیا گر" کردووەکە ئەندامی کۆمەڵەی "ئێن ئەی ئای" یشە و پشتیوانی لە میدیای سەربەخۆ دەکات لە ئەفغانستان و کوشتویانە.
موجیب خەڵوەتگار، سەرۆکی کۆمەڵەی ئێن ئەی ئای دەڵێت "عومەر لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە کوژراوە و پیاوێکی لێبراڵ بووە و ئێمە کراوینەتە ئامانج چونکە دەمانەوێت سەربەخۆیانە کار بکەین."

کاربەدەستان لە کابوڵ گومانیان وەهایە چەکدارەکانی تاڵیبان ئەو کردەی کوشتنەیان کردبێت.

کۆمەڵەی ئێن ئەی ئای، لە مانگی ڕابردوودا ڕاپۆرتی دابوو؛ بەلانیکەم 30 ڕۆژنامەوان و کارمەندی میدیا لەمساڵدا لەلایەن ڕێکخراوە میلیشیاییەکانی ئەفغانستانەوە کوژراون یان بریندارکراون، یانیش ڕفێندراون.

لە هەرێمی هێلماند لە باشوری ئەفغانستان، وەک کاربەدەستان دەڵێن، چەکدارەکانی تاڵیبان، نیعمەتوڵا هیمەت، ڕۆژنامەوانی خۆجێییان گرتووە.

کاربەدەستان دەڵێن ڕۆژی یەکشەممە نیعمەتوڵا لە ماڵەکەی خۆی گیراوە لە شاری لەشکرگە، پایتەختی هەرێمی هێلماند.

نیعمەتوڵا هیمەت، کارمەندی کەناڵی تەلەفزیۆنی غەرغەبنەت بووە و ڕەزوان میاخل، سەرۆکی ئەم کەناڵە سەربەخۆیەش دەڵێت "بە هیچ شێوەیەک هیچ زانیارییەک نییە سەبارەت بەوەی تاڵیبان هیمەتی بۆ کوێ بردوە، بەڕاستی لە ڕەوشێکی ناهەموارداین."

وتەبێژێکی تاڵیبان بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە هیچ زانیارییەکی نییە لەسەر کوشتنەکەی کابوڵ و هەروەهاش لەسەر ڕفاندنی ڕۆژنامەوانەکەی هەرێمی هێلماند.

هاوپەیمانێتییەکی ئاژانسەکانی هەواڵ لە ئەفغانستان، نامەیان بۆ سەرۆک جۆو بایدن و بۆ ڕێبەرانیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکادا نوسیوە و داوایان لێدەکەن تا ڤیزای تایبەت بۆ ڕۆژنامەوانان و بۆ کارمەندانی میدیا دابین بکرێت.

دوای ڕاگەیاندنەکەی واشنتۆن سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە ئەرکی لەشکریی لە ئەفغانستان لە کۆتایی ئەم مانگەدا تاڵیبان، ڕۆژی شەممە و یەکشەممە دەستیگرتووە بەسەر 3 شاری باکوری وڵاتەکەدا و هەڕەشەش دەکات بەوەی شاری زیاتریش دەگرێت و هێرشەکانیشی بۆسەر هێزە ئاسایشییەکانی حکومەتی ئەفغانستان زیاتر کردووە.

XS
SM
MD
LG