Accessibility links

مەلا عەبدولغەنی بەرادەر دەگەڕێتەوە بۆ کابوڵ


Taliban
Taliban

یاخیبوانی تاڵیبان چوونەتە ناو شاری کابوڵ پایتەختی ئەفغانستان هاوکانی چۆڵکردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا.
وەزیرێکی کابینەی حکومەتی وڵاتەکەش دەڵێت "دەسەڵات دەگوێزرێتەوە بۆ حکومەتێکی کاتیی."

ئەم پەرەسەندنانەش پاش پێشڕەوییە خێراکانی توندڕەوانی ئیسلامییە کە 20 ساڵ لەمەوبەر هێزەکانی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا لە فەرمانڕەوایەتیکردنی وڵاتەکە لایدان، پاش هێرشە تێرۆرکارییەکانی 11ی سەپتێمبەر.

گەورە کاربەدەستێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە "تاڵیبان لە هەر چوار لاوە هاتوونەتە ناو کابوڵەوە" بەڵام زانیاری و وردەکاریی زیاتری لەسەر ئەو لێدوانەی نەداوە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ ڕاپۆرتێک لەسەر ڕوودانی شەڕ نەدراوە.

زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "تاڵیبان لە وتووێژدا بووە لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەدا تا بە ئاشتیانە کابوڵ بدات بەدەستەوە."

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە "چەکدارەکانی تاڵیبان لە باری ئامادەباشیدا دەبن لە دەروازەکانی شاری کابوڵ تا ئەوکاتەی ڕێککەوتن لەسەر گواستنەوەیەکی ئاشتیانە و پەسەندکراو دەکرێت بۆ دەسەڵات."

عەلی ئەحمەد جەلالی، ئەکادیمیستێکی بنکە لە ئەمەریکایە و پێشتر وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان بووە، وەک 3 دیپلۆمات هاوکاتی گەمارۆدانی کابوڵ ئاماژەیان پێکردووە "پێدەچێت دەستنیشان بکرێت بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەتی کاتیی لە کابوڵ."

گەورە بەرپرسێکی ئەمەریکایی بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت دەڵێت "تا ئێستا هیچ جموجۆڵێکی گەورەی تاڵیبان نییە لەناو کابوڵدا."

کەوتنی کابوڵ بۆتە جێی واقوڕمانی دیپلۆماتان، لەو ڕوانگەیەوەی هەڵسەنگاندن و مەزەندەکانی ڕاپۆرتێکی هەواڵگری ئەمەریکایی ئاماژەی بەوە کردبوو "کابوڵ بەلانیکەم بۆ 3 مانگ خۆی ڕادەگرێت."

کاربەدەستێک لە کۆشکی سەرۆکایەتی ئەفغانستانەوە دەڵێت "وتووێژی بە پەلەی کردووە لەگەڵ زاڵمای خەلیلزاد، نێردراوی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ئەفغانستان و هەروەهاش لەگەڵ گەورە کاربەدەستانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا."

عەبدولسەتار میرزاکەوال، وەزیری کارگێڕی ناوخۆی ئەفغانستان، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویە "دەسەڵات دەگوێزرێتەوە بۆ حکومەتێکی کاتیی و هێرش ناکرێتە سەر شارەکە و ڕێککەوتن کراوە لەسەر گواستنەوەیەکی ئاشتیانەی دەسەڵات." میرزاکەوال هیچ زانیارییەکی زیاتری نەداوە.

سەرچاوەیەکی تاڵیبان لە وڵاتی قەتەر ڕایگەیاندووە "مەلا عەبدولغەنی بەرادەر، سەرۆکی بیرۆی سیاسی تاڵیبان لە دۆحەوە دەگەڕێتەوە بۆ کابوڵ."

دانیشتوانی کابوڵ دەڵێن ماشێن و ئۆتۆمێلەکان زۆرێک لە شەقامەکانی کابوڵیان قەرەباڵع کردووە و ئەو خەڵکەش یان دەیانەوێت بە زوویی بگەنەوە ماڵەکانیان، یانیش بگەنە فڕۆکەخانە.

ژمارەیەک دانیشتوانی کابوڵ بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە "هەندێک کەس کلیلەکانیشیان لەناو ئۆتۆمبێل و ماشێنەکاندا جێهێشتووە و بە پێ کەوتوونەتە ڕێ بۆ فڕۆکەخانە."

XS
SM
MD
LG