تێگەیشتن لە مانا و ناوەڕۆکی شیعری شاعیرە عیرفانییەکان، کارێکی سانا نییە، بەتایبەتیش کاتێک دەکەوینە بەراوردکارییەک لە نێوان ناساندن و پێناسەکردنی خوداناسی و بوونناسی.
ئەوکاتەی شیعرێکی عیرفانی دەخوێنینەوە و ڕۆدەچینە ناو ناواخنییەوە، ئەوا بە خۆمان بزانین یان نەزانین خودی خۆمان ڕادەستی ئەو ساتەوەختانە دەکەین کە پڕن لە چێژی عیرفانی و دەکەوینە ڕەوشێکی ئارامی بیرکردنەوە لەو دنیایەی تانوپۆی گیانی بیرکردنەوە باڵی بەسەردا کێشاوە و تێکەڵیشمان دەکات بە جوانترین ئاستەکانی بێدەنگی.
مەکە مەنعی کەسێ لێوان لە سەیلە
دەسوتێ و هۆش و دڵ ژاکاوی مەیلە
هەواڵی دەورەکەی چەپگەردی گەردوون
لە عاشق قەت مەپرسە، حاڵی کەیلە
ئەوەی مەجنونی دوو تاقی برۆی بێ
سپێدەی لەیلە، گیان و ڕۆحی لەیلە
کە خۆی دەرخست جەماڵیشە و کەماڵیش
که ڕۆی هەر لێرە عاشق غەرقی وەیلە
بە تانە پێیدەڵێم: چەند شێتە (هاوبیر)
کە سەیری ڕووم دەکا: پێیوایە لەیلە
لە دەقە عیرفانییەکاندا ئاسمان و زەوی ئاوێزانی یەکدی دەبن؛ ئەم ئاوێزان بوون و یەکتر لە ئامێزگرتنەش دەشێت وەک کردەیەکی ئازادانەی ڕاستەقینە ئەقڵ و گیان یان ڕۆح سەیر بکرێت، بەڵام کامیان لەناو کامیاندا فەنا دەبێت؟ ئەمەیان بابەتێکی ترە و وەڵامەکەی دەیان و بگرە سەدان بەرنامەی پێدەوێت.
بینیت ئەی دڵ، یار کە ڕۆشت نایێتەوە
کەی بووە زەخمی ئەوین چابێتەوە
کەی لە باخی بێ گوڵی ڕوخساری ئەو
بولبولی خۆشخوان چریکەی دێتەوە
بۆنی یاس و ڕەونەقی فەسڵی بەهار
ڕۆشت بە ئۆغرکردنی دوو پێتەوە
ئاگری عیشقی چرای ئەو ڕوومەتە
گەرنەبێ، پەروانە کەی ئەخولێتەوە
گەر لە ئاسمانی عیشقدا تۆ نەبی
شەو درێژە، خۆر چ سود هەڵبێتەوە
مەعریفەم داگرت لەسەر تاقی برۆت
ئایەتی (اخسء) هەزار جار دێتەوە
دۆزەخی تۆ باشترە لەم جەننەتە
خوایە هیجران کەی دەچێ و دەبڕێتەوە؟
هەندێک جار دەگوترێت بیرکردنەوە لە گیان یان یان لە ڕۆح، پرۆسەیەکە خودی مرۆڤ دەگەیەنێت بە خودی خۆی، تێگەیشتنێکی قوڵی دەداتێ لەسەر خۆی و لەناو خودی خۆیدا فەنا دەبێت؛ فەنابوون لە پێناو ناسینی هێزی ئاسمان و هێزی زەمین کە لەناو مرۆڤدایە.
لێرەدا ئەفسانەکان گرنگن، بەتایبەتیش ئەوانەی مرۆڤ بۆ فراوانکردنی تێگەیشتن لە ئاسمان و زەوی، پەنایان بۆ دەبات و نهێنییەکانی بوونی تیادا دەبینێتەوە؛ ئیدی هێدی هێدی لە دەقە تیۆرییەکان دەردەچێت و هەنگاو بەرەو ڕاستی بابەتەکان دەنێت، هەر بۆیەشە دەگوترێت هەر کەسێک ئەو هەنگاوانەی نابن، ئەوا یانی سنورەکانی ڕۆشنبیریشی تێپەڕاندووە و دەشێت وەک عارفێک ناودێر بکرێت.
هاوبیر کامەران، لە کتێبە ناوازەکەیدا "یۆگا و ڕۆحیانەت" دا باسی لەوە کردووە ئەگەر ژیانمان وەک ئێستا درێژەی پێبدرێت ئەوا هەمووی دەبێتە ئازار و ژان و مرۆڤ بەهۆی هەروادێ و کەمبوونەوەی ڕۆشنبیری تێگەیشتنەوە لە خود و دەوروبەریشی لێوان لێو بووە لە مەینەتییەکان و و خەم و نەخۆشییەکان و مردنیش؛ وەک بڵێی ژیاندۆستی بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات.
هاوبیر، مامۆستای یۆگاشە، بێ لەوەی لەو شاعیرانەشە کە دەست بۆ ڕۆحی مرۆڤەکان دەبات، لە نێوان شیعر و یۆگادا دنیایەکی تایبەت بە خۆی دەدۆزێتەوە و لەوێوە دەخوازێت ڕۆحە پەژموردەکان ببوژێنێتەوە بە شیعر و هەوڵدانیش لە دنیای ڕۆماندا.
بۆ گوێگرتن لە تەواوی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا: