Accessibility links

خالید وەنەوشە: ئێمەش ڕەخنەمان لەسەر هەیە، دەبێت زۆر وردتر هەڵسوكەوت بكەین و هیچ كەس شوێنی دیدارمان بۆ دیاری نەكات


خالید وەنەوشە
خالید وەنەوشە

بەرپرسی پەیوەندیەكانی حزبی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر لەبارەی بڵاوكردنەوەی ناو و وێنەی بكوژی موسا باباخانی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبەكەیان ئاشكرای دەكات كە سكاڵای خۆیان لە دادگای تاوانەكانی هەولێر لەسەر ئەو كەسانەی كە دەستیان لە كوشتنی موسا باباخانیدا هەبووە تۆماركردووە و داوا دەكەن لێپرسینەوە لەو ڕووداوە بكرێت.

لە وتووێژێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا، خالید وەنەوشە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندیەكانی حزبی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر ڕایگەیاند: " ئێمە حزبێكی سیاسین پەیوەندی بەربڵاوی جۆراوجۆرمان لەگەڵ هەموو كەسێكدا هەیە لەبارەی تەشكیلاتی و كۆمەڵایەتی و دبلوماسی و پەیوەندیە سیاسیەكان و تەنانەت لەگەڵ كەسایەتی و شاعیر و ڕوناكبیرەكان و حزبە سیاسیەكان بۆیە پێویستیمان بەوە هەیە كە نابێت لەو خەڵكە داببڕێن دەبێت لەم خەڵكە نزیكتربین بەڵام لە هەمان كاتیشدا دەبێت بە وریایی و هۆشیاری زیاترەوە بچینە ئەو دیدارانە. دەبێت دیقەتی زیاتر بدەین لە هاتن وچۆن و ڕؤیشتن و گەڕانەوەكانیشماندا چاودێری ڕێگاوبانەكانی خۆمان و ڕەوشی خۆمان بكەین".

ناوبراو وتيشی" ئێمەش ڕەخنەمان لەسەر هەیە لەو جۆرە بەدواداچوونانەدا دەبێت بە جۆرێك سەركۆنەی خۆیشمان بكەین كە نابێت خەڵكی ئێمە ئاوا ئاسان بكەوێتە داوی ئەوانە لەگەڵ ئەوەی كە شاڕەزاییمان لەسەر ئەو كەسانە هەیە كەوایە دەبێت زۆر وردتر هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو بابەتە بكەین و هیچ كەس شوێنی دیدارمان بۆ دیاری نەكات ئەوە خۆمانین دەبێت شوێنی دیدارەكان دیاری بكەین".

لەبارەی ئەوەی كە ئاخۆ لایەنە كوردیەكانی ئێران تا چەند هێزەكانی حەشدی شەعبی لە عێراقدا بە مەترسی دەزانن لەسەر باری ئاسایشی خۆیان، خالید وەنەوشە بەرپرسی پەیوەندیەكانی حزبی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر گووتی" حەشدی شەعبی بە هێزێكی ئارام لە عێراق نازانین چونكە حەشدی شەعبی هێزێكە رێنماییەكانی لە لایەن سوپای قودرسی ئێرانەوە پێ دەسپێردرێت و لە كردەوەكانی پێشوودا دیارن."

جێی باسە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تەرمی موسا باباخانی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموكراتی كوردستان لەناو هۆتێلیكی شاری هەولێردا دەدۆزرێتەوە و دوای لێكۆڵینەوەكان و بەدواداچوونەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەركەوت كەوا كەسێك بەناوی سەرمەد داود هەستاوە بە كوشتنی موسا باباخانی و دواتر بەرەو ئێران ڕؤیشتووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:52 0:00


XS
SM
MD
LG