پاش نزیکەی 20 ساڵ لە هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئەفغانستان بۆ شەڕی دژی تیرۆریستانی ئەلقاعیدە و دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان کە لە ئاکامی پەلاماری تیرۆرستان و تەقاندنەوەی مەڵبەندی بازرگانی لە نیویۆرک بووە کە بە ڕووخانی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان کۆتایی هات.
دوای مانەوەی 20 ساڵ لە ئەفغانستان و یارمەتیدانی حکومەتی ئەفغانستان لە هەموو بوارێک و بە هەموو شێوەیەک، ئەمەریکا بڕیاریدا کۆتایی بە مانەوەی لە ئەفغانستان بهێنێت هەڵبەتە پاش زیانێکی زۆری ئەمەریکا لەو ماوەیەدا کە زیاتر لە 2300 سەربازی ئەمەریکایی تێیدا گیانیانلەدەستدا و زیاتر لە 20 هەزاریس بریندار بوون، ئەمە بێجگە لە خەرجی و تێچوونی مانەوەیان لەو ماوەیە لە ئەفغانستان و یارمەتیدان و ڕاهێنان پێکردنی هێزەکانی حکومەتی ئەفغانی کە بەهەزاران میلیۆن دۆلار بووە، هەروەها گیانلەدەستدان و برینداربوونی بە دەیان هەزار ئەفغانیش.
جا کاربەدەستانی ئەمەریکایی دەڵێن ئەمەریکا بڕیاری نەداوە بۆ هەتاهەتایە لە ئەفغانستان بمێنێتەوە، ئەوە بوو کەوتە دانوستانی سیاسی لەگەڵ تاڵیبان و لە 29ی مانگی 2ی ساڵی 2020 لە دەوحە ڕێکەوتننامەیەکیان مۆر کرد، پاشان کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بڕیاریدا کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بکشێتەوە، تاڵیبان پەرەی بە هێرشەکانیدا بۆسەر حکومەتی ئەفغانی و هەر زوو شارەکانی بن کۆنترۆڵی حکومەت کەوتنە ژێر کۆنتڕۆڵی تاڵیبانەوە، پاش ئەوەی تاڵیبان هاتنە ناو کابولی پایتەختەوەش، سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی ڕۆژی یەک شەممە وڵاتی جێهێشت. ئەمەش ڕەوشێکی بێسەروبەری لە وڵات سازکرد، تەنانەت لەشکری ئەفغانی خۆی پێڕانەگیرا و بنکەکانیان چۆڵکرد، ئەمەش کێشەی بۆ کشانەوەی دبلۆماتانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان سازکرد، خەڵک بە پەلە ڕوویان کردە فڕۆکەخانەی کابول کرد بۆ ڕاکردن لە ترسی حکومی تاڵیبان.
کشانەوەی ئەمەریکا وا بە پەلە بووە جێگای ڕەخنەی جیهانی و تەنانەت ناوخۆی ئەمەریکاش، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بۆ بەرگری و داکۆکیکردن لە بڕیارەکەی خۆی بۆ کشانەوەی لە ئەفغانستان ئپباڵی کەوتنی کابولی پایتەختی خستە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە و لە وتارێکی سەرەتای ئەم هەفتەیەدا گوتی بۆ ماوەی 20 ساڵ یارمەتی هێزە ئاسایشیەکانی ئەفغانستانمان داوە بەڵام نەیانتوانی ببنە هێزێک کە وڵاتەکەی خۆیان بپارێزن.
جا کشانەوەی ئەمەریکا نیگەرانی لای خەڵکی هەرێمی کورستان و عێراق سازکردووە سەبارەت بە شیانی ئەوەی کە دوور نیە ئەوسیناریۆیە لە هەرێمی کوردستان و عێراق دووبارە ببێتەوە، ئایا دەبوو ئەمەریکا زیاتر لە ئەفغانستان بمابایەوە.؟ ئایا نیگەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق سەبارەت بە شیانی دووبارەبوونەوەی ڕەوشەکەی ئەفغانستان لە هەرێم و عێراقدا لە جێی خۆیەتی.؟ هۆکاری چییە خەڵکی هەرێمی کوردستان وا نیگەرانن.؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری دیکە حەیدەر کەریم پێشکەشکار و دەرهێنەری بەرنامەی هەلەو واشنتن میوانداری محەمەد حوسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ شیکارە سیاسی و ئابورییەکان و نوسەر و ڕۆژنامەوان بێستون ژاڵەیی کردووە.
بۆ درێژەی گفتوگۆکان کرتە لەم فایلە دەنگیەی خوارەوە بکە