فەرماندەی میحوەری کەرکوک/ پردێ ی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسانی عێراق هێزیان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، ترسیان لە هێرشی داعش هەیە، لەکاتێکدا مەترسی ئەو ڕێکخراوە بەو شێوەیە گەورە نییە لەسەر عێراق.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا، لیوا موحەمەد ڕێگر دەڵێت "بەرپرسانی عێراق دەترسن، هێزیان خستووەتە ئامادەباشیەوە و چەک و تەقەمەنی دابەش دەکەن، گوایە داعش زیندوو بووەتەوە، لەکاتێکدا داعش هەر هەبووە و مەترسیەکەش بەو جۆرە گەورە نیە."
جەختیشیکردەوە"ساڵی 2017 کاتێک عەبادی کۆتایی هاتنی داعشی ڕاگەیاند، دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر، ئەو ڕێکخراوە جوڵەی دەستپێکردەوە لەهەموو عێراقدا."
لیوا موحەمەد بەدوریشی نەزانی داعش سود لە "بێ سەرووبەری" عێراق وەربگرێت و بۆشاییە ئەمنیەکان بقۆزێتەوە، بەتایبەت نەبوونی هەماهەنگی عێراق لەگەڵ پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی هەرێم، دەڵێت "داعش ناوبەناو بێدەنگ دەبێت، بەڵام لە پڕ جوڵە دەستپێدەکاتەوە، ئەوان هەر هەبوون."
دەربارەی ئەوەی گەر مەترسی نیە، هۆکاری چیە بەرپرسانی عێراق کەوتوونەتە جم و جۆڵ، فەرماندەکەی پێشمەرگە وتی"بەو شێوە نیە، داعش توانای نیە، تەنانەت گوندێکیش کۆنترۆڵ بکات."
بێ بایەخ کردنی جوڵەکانی داعش لەلایەن ئەم فەرماندەیەی پێشمەرگەوە لەکاتێکدایە، بەشێکی تر لە فەرماندەکانی پێشمەرگە،داعش بەمەترسی دەزانن، ئاماژەبەوەدەکەن لەشەواندا، زۆربەی گوندەکانیان لە ژێر کۆنترۆڵدایە، لەو بارەیەوە لیوا موحەمەد وتی"زۆربەی گوندەکان چەکداری حەشد و حەشدی سونی و عەشایەرین، ئیتر گوندەکان چۆن لە شەواندا دەکەونە ژێر کۆنترۆڵی داعش، ڕاستە بوونیان هەیە، ڕەنگە زیاتریش بن، بەڵام ڕەنگە کاتی خۆ دەرخستنیان لە ئێستادا گونجاو نەبێت."
دەشڵێت "مەترسییان لەسەر یەک شار نیە، نازانم لە شوێنێکەوە کردەیەکی خۆ کوژی یان شتێک بکەن، بەڵام لەمکاتەدا توانای گرتنی گوندێکیشیان نیە."
دەربارەی خۆ ئامادەکردنی داعش بۆ سود وەرگرتن لە دۆخی ناسەقامگیری عێراق و ململانێی نێوان لایەنەکان، فەرماندەکەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد، داعش کاتێک موسڵی کۆنترۆڵکرد، بە 300 چەکدارەوە ئەو کارەی کرد، دواتر ناوچە و پارێزگاکانی تری عێراقیان گرت، چونکە خەڵک وەکو ڕاپەڕین هەستا و پشتگیری کردن، بەڵام وردە وردە خەڵک پێش چاوی ڕوونبوویەوە و گەڕانەوە سەر ئیش و کاری خۆیان و دەشڵێت "خەڵک دوای قەرەباڵغی کەوتبوو، چەکداری داعشیان بینی، شوێنیان کەوتن، بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا موحەمەد ڕێگر فەرماندەی میحوەری کەرکوک/ پردێی پێشمەرگە، بێ ئاگایی خۆی لەڕووداوەکانی شەوی ڕابردووی هەولێر نیشاندا، گوایە درۆن هاتووەتە سەر هەولێر و کونسوڵخانەی ئەمەریکا زەنگی ئاگادار کردنەوەی لێداوە، وتی"ئاگامان لە ناو شار و ئاسمانی هەولێر نەبووە، ئێمە لە سەنگەرەکان بووین و سەنگەرەکانمان پاراستووە."
دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا، زانیاری زیاتری لەلایە.