Accessibility links

دادگای کەربەلا بڕیاری سزای مردن دەدات بەسەر بکوژی سەرۆکی شارەوانی شارەکەدا


ئەو کەسەی بە ڕۆژی ڕوناک گەورە کاربەدەستێکی عێراقی کوشت لە مانگی ڕابردوودا، سزانی مردنی بەسەردا درا.

بڕیارەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی دادگای تاوانەکان لە شاری کەربەلا لە نێوەندی بێزاری و ناڕەزایی عێراقییەکاندایە سەبارەت بە شکستی حکومەتی وڵاتەکە بۆ ڕاگرتنی ئەو شەپۆلی کوشتنی بە مەبەستەی لە عێراقدا ڕوودەدات.

دادگای باڵای عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "پاش تەواوبوونی پرۆسەی دادگاییکردن و دانپێدانانی کەسی گوناهبارکراو، دادگای تاوانەکانی شاری کەربەلا تاووتوێی تەواوی ئەو کردەی کوشتنەی کردووە و بڕیاری لەسێدارەدانی تاوانبارەکەی داوە."
عەبیر سەلیم ئەلخەفاجی، بەڕێوبەری شارەوانی شاری کەربەلا، ڕۆژی 10ی مانگی 8 کاتێک سەرپەرشتی لادانی زیادەڕۆییەکانی دەکرد، حوسەین عەبدولئەمیر تەقەی لێکرد و کوشتی.

عەبولئەمیر هەر لە شوێنی ڕووداوەکە دەستگیرکرا.

بەپێی یاسای عێراق، پارێزەرەکەی حوسەین عەبدولئەمیر، تەنها 30 ڕۆژی لەبەردەستدایە بۆ داواکردنی پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگادا.

بەرهەم ساڵح، سەرۆکی عێراق پێویستە ئەو بڕیارەی دادگا مۆر بکات تا جێبەجێبکرێت.

کوشتنی ئەلخەفاجی، بووە مایەی توڕەیی و ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لەسەر ئەو پەناپارێزییەی سیاسەتمەداران هەیانە لە پەیوەندی بە تاوانەکانەوە، پاش ئەوەی زیاتر لە 70 چالاکوان لەوەتای مانگی 10ی ساڵی 2019وە کراونەتە ئامانج بۆ کوشتن.

موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق دوای کوژرانی سەرۆکی شارەوانی کەربەلا، سەردانی شارەکەی کرد و لەوێ پەیمانیدا "بکوژان و تاوانباران لە سزا دەربازیان نابێت."

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو شەپۆلی کوشتنە لە عێراقدا ڕانەگەیاندووە.

لایەنگرانی خۆپیشاندەرانی دژە حکومەتی عێراق کە لە ساڵی 2019وە دەستیان پێکردووە، دەسەڵاتدارانی عێراق بەوە گوناهبار دەکەن، وەک دەڵێن "هێزە ئاسایشییەکان تاوانباران دەستگیر ناکەن بەهۆی پەیوەندییە سیاسییەکانیانەوە، بەتایبەتیش پەیوەندییان بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە."

ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت، عێراق چوارهەم وڵاتە لە ڕیزبەندی وڵاتانی جیهاندا بۆ جێبەجێکردنی سزای مەرگ.

ئەم ڕێکخراوە نێونەتەوەییە کە داکۆکی لە مافەکان دەکات دەڵێت لە ساڵی 2020دا 45 سزای مردن لە عێراق جێبەجێکراوە و زۆربەشیان ئەوانە بوون "سەر بە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بوون."

XS
SM
MD
LG