Accessibility links

تاڵیبان دەڵێت چارەسەری ئاشتیانە و چەکداریش دەنێرێت بۆ پەنجشێر


بەشیک لە هێزی بەرەنگاربوونەوەی تاڵیبان لە پەنجشێر
بەشیک لە هێزی بەرەنگاربوونەوەی تاڵیبان لە پەنجشێر

تاڵیبان دەڵێت چەکدارەکانی گەمارۆی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەیان داوە لە دۆڵی پەنجشێر بەڵام چاویان لە دانوستاندنە نەک شەڕکردنی ئەو هێزانەی بەرەنگاربوونەوەی تاڵیبانیان ڕاگەیاندووە.

ئەم ڕاگەیەندراوەی تاڵیبان پاش هەندێک ڕاپۆرتی جۆراوجۆرن کە باسیان لە ڕوودانی شەڕ کردووە لە شەوی ڕابردوودا.

ئەژمارە تایبەتەکانی سەر بە تاڵیبان لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا دەڵێن چەکدارەکان کۆکراونەتەوە و هەروەهاش جێگری پێشووی سەرۆکی ئەفغانستانیش دەڵێت هێزەکانی بەرەنگاربوونەوە لە ڕەوشێکی تۆکمەدان.

زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان دەڵێت "چەکدارەکانی تاڵیبان لە نزیک پەنجشێرەوە دامەزراون و ناوچەکەشیان لە 3 لاوە گەمارۆ داوە."

موجاهید دەشڵێت "میرنشینی ئیسلامی هەوڵی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ئەم دۆسێیە دەدات."

ئەژمارەکانی لایەنگری بەرەنگاربوونەوە لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا نکوڵییان کردووە لەو هەواڵانەی باسیان لە پاشەکشە پێکردنی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوە کردووە و دەشڵێن "بۆسە بۆ چەکدارەکانی تاڵیبان نراوەتەوە و شکستیان پێهێنراوە."

ئەستەمە بتوانرێت ڕاگەیەندراوەکانی هیچ لایەکیان سەربەخۆیانە پشتڕاست بکرێنەوە بە تایبەتیش لەو ناوچە دوورەدەستە شاخاویەدا کە تەنانەت زۆر قورسیشە بگەیتە ئەو ناوچانە.

پەنجشێر، ناوچەیەکی سەختە و بەوەش ناسراوە سروشت خۆی وەک هێزێکی بەرگرییە و نە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و نە تاڵیبانیش لە قەیرانەکانی ڕابردوودا دەستیان پێڕانەگەیشتووە و لە ئێستادا بۆتە دوا پێگەی هێزەکانی دژە تاڵیبان کە ئەحمەد مەسعود سەرکردایەتیان دەکات، کوڕی ئەحمەد شا مەسعود، ڕێبەری پێشووی موجاهیدینەکان.

ئەمروڵا ساڵح، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەفغانستانیش لە پەنجشێرە و لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا وێنەکانی بڵاوکراونەتەوە و لەگەڵ مەسعوددا لە وتووێژدایە.

دۆڵی پەنجشێر، تەنگەیەکی تەسکی هەیە و ئەمەش وەها دەکات چوونە ناوەوە و هاتنەدەرەوە لەو تەنگەیەوە ئێجگار قورس بێت بۆ خەڵکی نەشارەزا و نامۆ بە ناوچەکە لەو ڕوانگەیەوەی ئەگەر لە بەرزاییەکانەوە چەکدار هەبن ئەوا دەتوانن ڕێیان لێ بگرن و پاشەکشەشیان پێبکەن.

وتەبێژێکی بەرەی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی تاڵیبان بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە "بەرەی نیشتمانی ئامادەیە بۆ قەیرانی درێژخایەن، بەڵام دانوستاندنی پێباشترە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی فرەیی."
عەلی مەیسەم نازری دەڵێت "مەرجەکان بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ تاڵیباندا لامەرکەزیەتە، سیستەمێکە کە دادوەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانی و مافەکان و ئازادییەکان بۆ هەمووان دابین بکات."

دوابەدوای داڕمانی حکومەتی ئەفغانستان کە ئەمەریکا پشتیوانی دەکرد، تاڵیبان هەروادێ و کۆنترۆڵی خۆی بەسەر وڵاتەکەدا زیاتر دەکات و کەوتۆتە کۆبوونەوە لەگەڵ نەیار و دوژمنە کۆنەکانیدا، لەوانە سیاسەتمەدارانی ئۆپزسیۆن و لۆردەکانی جەنگ.

XS
SM
MD
LG