Accessibility links

وێڕای داوای یو ئێن، لە عێراق سزای لەسێدارەدان بەردەوامە


6 کەس لەو عێراقیانەی سزای مەرگ سەپێندرابوو بەسەریاندا و سیانیان بە تاوانی تێرۆریزم گوناهبار کرابوون، لە زیندانێکی باشوری عێراقدا لەسێدارە دراون.

سەرچاوەیەکی تەندروستی بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە ئەو سزایانە لە زیندانی ناسریە جێبەجێکراون، کە بەشێکی ئەو زیندانە تایبەتە بەوانەی سزای مردنیان لەسەرە.

ئەو 3 کەسەی تریش کەلە سێدارە دراون، تاوانی تریان ئەنجامداوە.

ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت لە ساڵی پاردا سزای لەسێدارەدان بەسەر 45 کەس لە عێراقدا جێبەجێکراوە و زۆربەشیان بە تاوانی ئەندامێتی لە داعشدا گوناهبار کراون.

بەپێی یاسایەکی لە ساڵی 2005دا پەسەند کراوە، سزای مردن دەسەپێندرێت بەسەر هەر کەسێکدا بە "تێرۆریزم" گوناهبار بکرێت، تەنانەت ئەگەر تاوانێکیشی نەکردبێت و تەنها ئەندامی ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بێت ئەو سزایەی لەسەر جێبەجێدەکرێت.

ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکان دەکەن، ئاگاهیدەدەن سزای مردن بۆ مەبەستی سیاسیش بەکارهاتووە لە عێراقدا.

لەوەتای ساڵی 2017وە کە سەرکەوتن بەسەر داعشدا ڕاگەیەندراوە، لە دادگاکانی عێراقدا سزای لەسێدارەدان دراوە بەسەر سەدان کەسدا لەو جیهادییانەی لەسەروەختی دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتدا لە ساڵی 2014دا تاوانیان کردووە.

تەنها ژمارەیەکی کەمی ئەو سزایانە جێبەجێکراون، دەبێت سەرۆکی عێراق ئەو سزایانە پەسەند بکات ئەوجا جێبەجێدەکرێن.

بەرهەم ساڵح، لە ساڵی 2018وە سەرۆکی کۆماری عێراقە، وەها ناسراوە کە دژی سزای لەسێدارەدانە.

بەپێی ئامارەکانی لای فڕانس پرێس هەن، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 14 کەس لە عێراق لەسێدارە دراون و هەر هەمووشیان لە زیندانەکەی ناسریە سزاکانیان لەسەر جێبەجێکراوە.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ئەو کەسەی بە ڕۆژی ڕوناک گەورە کاربەدەستێکی عێراقی کوشت لە شاری کەربەلا، سزای مردنی بەسەردا سەپێنرا، لە نێوەندی ئەو شەپۆلی بێزاری و ناڕەزاییەی لەسەر شکستی حکومەتی وڵاتەکە هەیە بۆ ڕاگرتنی ئەو زنجیرە کوشتنانەی لە عێراقدا هەیە.

لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، کاربەدەستێک لە سەرۆکایەتی عێراق بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاند، زیاتر لە 340 فرمانی لەسێدارەدان ئامادەن بۆ جێبەجێکردن و گوناهبارکردنەکانیش پەیوەندییان بە تێرۆریزم و تاوانەکانی تریشەوە هەیە.

کاربەدەستێکی تری سەرۆکایەتی دەڵێت تەواوی ئەو فرمانانەی ئاماژەیان پێکراوە لە دوای ساڵی 2014وە مۆرکراون و زۆربەشیان لەسەروەختی سەرۆکایەتییەکەی دکتۆر فوئاد مەعسومدا مۆرکراون، ئەو کاتەی داعش یەک لەسەر سێی وڵاتەکەی داگیر کردبوو.

ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکان دەکەن، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق گوناهبار دەکەن بە گەندەڵی و بە دادگاییکردنی خێرا و دادگاییکردنەکان لەسەر بنچینەی بەڵگە گریمانەکراوەکان بەڕێوە دەبەن، بەبێ ئەوەی دەرفەتی داکۆکی بۆ گومانبارەکان بڕەخسێندرێت.

لە مانگی یازدەی ڕابردوودا، پسپۆڕانی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە عێراق کردبوو تا "سزای بە کۆمەڵی لەسێدارەدان ڕابگرێت."

XS
SM
MD
LG