Accessibility links

ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمانی کوردستانی عێراق دەست بە دانیشتنەکانی دەکاتەوە


ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستانی عێراق دەستپێدەکاتەوە بڕیار وایە لەم وەرزەی یاسادانانی پەرلەماندا چەندین پڕۆژە و پێشنیازە یاسا بخرێنە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان و دوای گفتووگۆکردنیان پەسەند بکرێن، بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستانی عێراقیش ئاشکرا دەکات کە هەوڵی جدی هەیە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستوری خۆی.

سامان ئەحمەد بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" کاتژمێر دوازدەی نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەست پێ دەکەنەوە، لەم وەرزەی یاسادانان لە لایەن سەرۆکایەتی پەرلەمان و فڕاکسیۆنەکان هەوڵی جدی هەیە کە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستوری خۆی و لە سەرۆکایەتی هەرێم مەتبەخێکی سیاسی و یاسایی و ڕاوێژکاری هاتووەتە کایەوە کە کار لەسەر ئەوە دەکات و هەموو فڕاکسیۆنەکان دیدوتێروانینی حزبەکانی خۆیانیان گەیاندووەتەوە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان."

سەبارەت بە کار و پڕۆژە و هەڵویستی فڕاکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەنێو پەرلەمانی کوردستانی عێراقدا.

ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستانی عێراق لە فڕاکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای وت" ئێمە وەکو فڕاکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە گۆشارەکانی خۆمان بەردەوام دەبین بەڵام لە کۆتاییدا زۆرینەو کەمینە لە پەرلەماندا یەکلایی دەبێتەوە، بەداخەوە ئەوە سێ ساڵمان لە تەمەنی پەرلەماندا گۆزەراندووە هیچ کارێکی ئەوتۆ نەکراوە، ئەم پەرلەمانە لە ئاست کێشە و گرفت و خواستەکانی خەڵکدا نەبووە، خەڵک سەرەتاییترین خزمەتگوزاری نییە کە ئاو و نان و کارەبایە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گرفتی هاوڵاتیان زیاد دەکات."

لەمەڕ کار و پڕۆژەکانی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کە فڕاکسیۆنێکی زۆرینەیە لە نێو پەرلەمانی کوردستانی عێراقدا

ئەرشەد حوسێن ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەدەنگی ئەمەریکا گووتی" فڕاکسیۆنی پارتی بەرنامە و پرۆگرامی خۆی هەیە بۆ هەموو وەرزێکی یاسادانان و چەند پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە و پشتگیری ئەو پڕۆژانەش دەکەین کەلە حکومەتەوە دێن چونکە حکومەتیش چەند پڕۆژەیەکی ئامادەکردووە، لە پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆش پرۆپوزەلێک ئامادەکراوە کەپێمان وایە کاتی ئەوەیە یاسای چەک هەمواربکرێتەوە و بەشێوەیەکی مودێرنتر و توندتر دابنرێت."

لەبارەی چۆنیەتی کارکردن و جێبەجێکردنی یاساکانی پەرلەمانی کوردستان لە بواری ژنان وئافرەتاندا

کۆسرەت ئەحمەد نووسەر و شاعیر بە دەنگی ئەمەریکای وت" یاسای باش لە بەرژەوەندی ژن دانراون بەڵام ئەوەی جێگای داخە یاساکان جێبەجێنەکراون، ڕاستە دەسەڵاتی جێبەجێ کردن دەبێت یاساکان جێبەجێ بکات بەڵام ئەوەی کە کاری پەرلەمانە دەبێت چاودێری جێبەجێکردنەکە بکات و ئەگەر لایەنی جێبەجێکار جێبەجێی نەکات پێویستە بانگیان بکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن، تا ئێستا پەرلەمان هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە لەبارەی ئەو پێشێلکاریانەی کە بەرامبەر بە ژنان کراون ."

جێی باسە ماوەکانی ڕابردوو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان ئاماری گشتی کار و چاڵاکیەکانی پەرلەمانی کوردستانی عێراقی لە خولی بەهارەی ساڵی سێهەمی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 1/3/2021 تا 31/7/2021 بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خستەڕوو کە پێکهاتبوون لە 8 بڕیار و 9 یاسا و 12 فەرمان کە دەرکراون و ئەو پرسیارانەی کە ئەندامانی پەرلەمان بە نووسراو و زارەکی ئاراستەی حکومەتی هەریمی کوردستانی کردووە پێکهاتوون لە هەزارو سێسەد و بیست و سێ و ئەو پرسیارنەشی کە لە لایەن حکومەتەوە وڵامدراونەتەوە پیکهاتبوون لە هەزار و سەد و نۆت و حەوت هەروەها 17 وەزیریش ئامادەی دانیشتنەکانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان بوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:48 0:00


XS
SM
MD
LG