Accessibility links

لیوا ڕوکن مەریوان: داعش پلانی کۆنترۆڵکردنی شوێنی هەیە، بەڵام پلانەکەی پێ جێبەجێ دەکرێت یاخود نە، هێشتا دیارنیە


فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دووی سەربە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، داعش هێز لە نێوان سوریا و عێراق دا ئاڵوگۆڕ پێدەکات و پلانی کۆنترۆڵکردنی هەندێک ناوچەشیان هەیە، بەڵام ڕوون نیە، پلانەکەیان پێ جێبەجێ دەکرێت یاخود نە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا ڕوکن مەریوان محەمەد فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە، دەڵێت "هەرکاتێک عێراق بە حاڵەتی نەخوازراو و کێشمەکێشی سیاسی دا تێدەپەڕێت، داعش هەوڵی گورز وەشاندن و دەرفەت قۆستنەوە دەدات."

جەختیشیکردەوە "داعش 5 مانگە بەباشی خۆی ڕێکخستووەتەوە، ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر هێزە عێراقیەکان، ڕەنگە لەکاتی هەڵبژاردندا، دەستی زیاتریش بوەشێنن."

لیوا ڕوکن مەریوان لە کاتێکدا لەلایەن بافڵ تاڵەبانی‌یەوە خەڵات دەکرێت
لیوا ڕوکن مەریوان لە کاتێکدا لەلایەن بافڵ تاڵەبانی‌یەوە خەڵات دەکرێت

فەرماندەکەی هێزەکانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە ئاشکراشیکرد، داعش لەهەندێک ناوچە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سەرکردە و هێزەکانیدا ئەنجامداوە و بەردەوامیش لەهەوڵی گۆڕانکاریدایە، وتی "وەکچۆن ڤایرۆس کاتێک کاریگەری نامێنێت، دواتر بە شێوەیەکی تر دەردەکەوێتەوە و خۆی دەگونجێنێت، داعشیش بەهەمانشێوە بەردەوام هەوڵی خۆ گونجاندان لەگەڵ دۆخەکان دەدات."

لیوا مەریوان نموونەی هێزەکانی داعشی لەسنوری ناوچەی غەڕەی نزیک خورماتووی هێنایەوە، کە ناوبەناو پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان هێرشیان دەکەنە سەر، وتی"داعش لەنزیک خورماتوو چەند جارێک خۆی گۆڕیووە، جارێک نایانەوێت چالاکی بکەن و ناوچەکە دەکەنە شوێنی جوڵەی هێز بەرەو ناوچەکانی تر، جاری واش هەیە چالاکی دەکەن، ئەوان هیچ شتێک بەبێ فەرمانی سەرووی خۆیان ناکەن، فەرمانیان بۆ هات، ئینجا دەست بەجوڵە و چالاکی دەکەن."

فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکرد، داعش لەنێوان سوریا و عێراق دا و لەڕێگەی دەشتاییەکانی ئەنبارەوە، هێز ئاڵوگۆڕ پێدەکات، ژمارەشیان زیادیکردووە، وتی"داعش دەیەوێت زەوی بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، جا پێی دەکرێت یان نە، شتێکی ترە."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا ڕوکن مەریوان محەمەد فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، چاوەڕوان دەکرێت جوڵەی داعش لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دا زیاتر بێت، بەو پێیەی فەرمانی ئەنجامدانی هێرشیان پێکراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:15 0:00


XS
SM
MD
LG