Accessibility links

قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە سەرانسەری کەشمیر درێژ دەکرێتەوە


سەید عەلی گەیلانی
سەید عەلی گەیلانی

هێزە ئاسایشییەکانی هیندستان بەردەوامن لە جێبەجێکردنی فرمانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە سەرانسەری کەشمیردا پاش مردنی ڕێبەرێکی جوداییخواز و ڕوودانی پێکدادان لەگەڵ لایەنگرەکانیدا.

مردنی سەید عەلی گەیلانی، ڕێبەری تەمەن 92 ساڵی کەشمیر، بووە مایەی بەرزبوونەوەی ئاستی پشێویەکان لەو هەرێمە مشتومڕ لەسەرەی هیمالایا، دوای ئەوەی دەسەڵاتداران ڕێگەیان نەدا مەڕاسیمی پرسەی بۆ بکرێت.

دوای مردنەکەی گەیلانی لە درەنگانێکی ڕۆژی چوارشەممەدا، دەسەڵاتداران فرمانی بڕینی ئینتەرنێت و هێڵی تەلەفونی مۆبایلیان دابوو و ڕۆژی دواتریش ئەو فرمانە هەر بەردەوام بوو. بێ لەوەش هێزە چەکدارەکان لە چواردەوری مزگەوتە سەرەکییەکانی ناوچەکەدا جێگیرکرابوون هەرچەندە دەرگای مزگەوتەکانیش داخرابوون، بەڵام نوێژی تایبەت بۆ گەیلانی لە ژمارەیەکی کەمی مزگەوتە بچوکەکاندا هەر دەکران بۆ گیانی گەیلانی.

هەزاران پۆلیس و سەرباز، چاودێری شەقامەکانیان دەکرد بۆ سەپاندنی فرمانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ هاوکاتی پێکدادانی نێوان دانیشتوانی کەشمیر و هێزەکانی حکومەت لە شاری سریناگار.

هاوڵاتیانی توڕەی ناوچەکە بەردەوام بوون لە پێکدادان لەگەڵ هێزە ئاسایشییەکانی هیندستاندا، دوای ئەوەی بەردبارانی ئەو هێزانەیان دەکرد چونکە دەسەڵاتداران ڕێگەیان نەدەدانێ بەشداری بکەن لە مەڕاسیمەکانی ماڵاوایی لە گەیلانی.

کوڕێکی گەیلانی، هێزەکانی پۆلیس گوناهبار دەکات بەوەی تەرمی باوکیان بردووە، تا لە نیوەشەودا و پاش چەند کاتژمێرێک لە مردنەکەی بە خاکی بسپێرن.

بنەماڵەی گەیلانی دەڵێت ڕێگە نەدراوە بەشداری لە بە خاک سپاردنی گەیلانیدا بکەن و پۆلیسیش نکوڵی دەکات لەو ڕاگەیاندنە و دەشڵێت پڕوپاگەندەیەکی درۆ و ساختەیە.

لەو دیمەنە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، پێکدادانی نێوان ژمارەیەک ئەفسەر لەگەڵ کەسوکاری گەیلانیدا دەبینرێت لە کاتێکدا تەرمی گەیلانی ئاڵای پاکستانی پێوە بووە.

گەیلانی زۆربەی پەنجا ساڵی ڕابردووی تەمەنی یان لە زینداندا بووە یانیش دەستبەسەر بووە لە ماڵەکەی خۆیدا، بەهۆی هەڵوێستە بەردەوامەکانییەوە بۆ پشتیوانی لە پاکستان و داواکانیشیەوە بۆ دەنگدان لەسەر چارەنوسی کەشمیر، هەمیشە حکومەتە یەک بەدوا یەکەکانی هیندستان دژایەتییان کردووە.

هیندستان و پاکستان کە هەردووکیان خاوەنی چەکی ناوکین، لە ساڵی 1947ەوە پاش سەربەخۆبوونیان لە ململانێدان لەسەر کەشمیر و دوو شەڕی گەورەش ڕوویداوە لە نێوانیاندا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو هەرێمە.

پاکستان ڕۆژی پێنجشەممە، پرسەی گشتی ڕاگەیاند بۆ گەیلانی و میروایز عومەر فاروق، کە یەکێکە لە کەسایەتییە ئاینییەکانی کەشمیر و لە زۆر دەمێکیشەوە هاوکاری گەیلانی بووە دەڵێت "ئەو کۆتوبەندانەی خراونەتە سەر مەڕاسیمەکانی پرسەی گەیلانی، جێی شەرمەزارییەکی زۆرن و بیرکردنەوە سەرکوتکارییەکەی حکومەتی هیندستان نیشان دەدات."

XS
SM
MD
LG