Accessibility links

ئێران یەکەم ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێت دژی تاڵیبان


کۆماری ئیسلامی ئێران، بە توندی ناڕەزایی دەردەبڕێت بەرامبەر هێرشی چەکدارەکانی تاڵیبان بۆسەر پێگەی هێزی بەرەنگاربوونەوە لە دۆڵی پەنجشێر لە ئەفغانستان.

ئەم ناڕەزاییە توندەی ئێرانییەکان هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی تاڵیبان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچەیە.

سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت "هەواڵەکانی لە پەنجشێرەوە هەن، بەڕاستی جێی نیگەرانین و هێرشەکانیش مایەی ناڕەزاییەکی توندن."

کۆماری ئیسلامی ئێران، هێزی باڵادەستی شیعە ئاینزاکانی ناوچەکە، لەوەتای ئەم بزووتنەوە ئیسلامییە سوننە ئاینزایەی تاڵیبان لە ڕۆژی 15ی مانگی 8ەوە دەستیگرت بەسەر ئەفغانستاندا، خۆی ڕاگرتبوو لە ڕەخنە و ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر تاڵیبان.

تاڵیبان، ئەمڕۆ دووشەممە و تەنها 3 هەفتە پاش دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان سەرکەوتنی ڕاگەیاند لە ناوچە شاخاویەکانی پەنجشێردا و وتەبێژی تاڵیبان دەڵێت "ئەفغانستان بە تەواوەتی لە زەلکاوی شەڕ دەرهێنرا."

بەڵام بەرەی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوە دەڵێت هێشتاش جەنگاوەرەکانی لە شوێنە ستراتیژیەکانی خۆیاندان لە تەواوی دۆڵی پەنجشێردا و بەردەوامیشن لە بەرەنگاربوونەوە.

هێزەکانی بەرەی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی ئەفغانستان پێکدەهێنن، بریتین لە هێزە چەکدارەکانی دژە تاڵیبان و هەروەهاش هێزە ئاسایشییەکانی پێشووی ئەفغانستان.

خەتیبزادە دەڵێت "لەسەر پرسی پەنجشێر، هەمیشە جەختم کردۆتەوە لەسەر ئەو ڕاستییەی کە پێویستە لە ڕێی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت بە ئامادەبوونی هەموو ڕیش سپییەکانی ئەفغانستان."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت " دەبێت تاڵیبان ڕێزی چونیەکی هەبێت بۆ پابەندبوون بە یاسای نێونەتەوەیی و بەو وابەستەییانەی لەسەریەتی. ئێران کار دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو مەینەتییەکانی گەلی ئەفغانی و هەروەها تاران لەگەڵ ئەوەشدایە کە حکومەتێکی نوێنەرایەتی بۆ هەموو ئەفغانییەکان پێکبهێنرێت."
وەک ئاماژەیەکیش بە پاکستان، خەتیبزادە دەڵێت ئێران دژی هەموو دەستێوەردانێکی دەرەکییە لە کاروباری ئەفغانستاندا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت "دەمانەوێت هەموو دۆستەکانمان ئاگادار بکەینەوە و ئەوانەش کە لەوانەیە هەڵەیەکی ستراتیژی بکەن لە چونە ناو ئەفغانستانەوە بۆ مەبەستی جیاواز، کە ئەفغانستان ئەو وڵاتە نییە لەسەر خاکی خۆی بە دوژمن و شەڕانگێزەکان قایل بێت."

ئێران خاوەنی سنورێکی 900 کیلۆمەترییە لەگەڵ ئەفغانستاندا، لە ساڵانی 1996 تا 2001 کە تاڵیبان فەرمانڕەوای ئەفغانستان بوو دانیپێدا نەنابوو.

لە ئێستادا نزیکەی 3 ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتی ئەفغانستان لە ئێرانن و تاران ترسی ئەوەیشی هەیە خەڵکی زیاتری ئەو وڵاتە بچنە ئێرانەوە.

تاران هەوڵی داڕشتنی نەخشەیەکی داوە بۆ نزیکبوونەوەی لە تاڵیبان، پاش ئەوەی لە مانگی ڕابردوودا دەستیگرت بەسەر وڵاتەکەدا دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە کابوڵ.

XS
SM
MD
LG