شەش کەسی فەلەستینی لە زیندانێکی ئیسرائیل ڕادەکەن لەڕێی تونێلێکەوە کە لەژێر حەوزێکەوە هەڵکەندراوە.
ئەم ڕاکردنە بۆتە مایەی هەڵمەتێکی بەرفراوانی بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنەوەی ئەو 6 کەسە کە یەکێکیان میلیشیایەکی ناوداری پێشووە.
دەزگای زیندانەکانی ئیسرائیل دەڵێت کاتژمێر 3ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، خەڵکی ناوچەکە ئاگاداری کردوونەتەوە کە چەند گومانبارێکیان لە دەرەوەی زیندانی جەلبوع بینیوە لە باکوری وڵاتەکە.
یەکێک لەو شەش کەسە "زەکەریا زوبێدی"یە. زوبێدی ڕێبەرێکی ناوداری پێشووی میلیشیاکانە لە شاری جنین لە کەناری ڕۆژئاوا.
دەزگای زیندانەکانی ئیسرائیل، لە ڕاگەیەندراوێکدا هەواڵی ڕاکردنی زەکەریا زوبێدی پشتڕاست کردۆتەوە.
پۆلیس، لەشکر، کارمەندانی دەزگای بەهێزی ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل کە بە "شین بێت" ناسراوە بەشدارن لە هەڵمەتی گەڕان بەشوێن ئەو 6 کەسە ڕاکردووەدا و وەک کاربەدەستانیش دەڵێن، سەگی تایبەت بە ناوچەکەدا بڵاوکراونەتەوە و خاڵی پشکنینیش لە ناوچەکانی دەوروبەری زیندانی جەلبوع دانراون.
میدیای ئیسرائیل دەڵێت بە دورنازانرێت ڕاکردووەکان لە ئێستادا گەیشتبنەوە کەناری ڕۆژئاوا، ئەو ناوچەیەی لە ساڵی 1967ەوە ئیسرائیل داگیری کردووە.
لەشکری ئیسرائیلیش دەڵێت هێزەکانی ئامادەباشن و بڵاویش کراونەتەوە لە کەناری ڕۆژئاوا وەک بەشێک لە هەڵمەتی دەستگیرکردنەوەی ڕاکردووەکان.
ڕاکردنی ئەو 6 فەلەستینییە، تەنها چەند کاتژمێرێک بەر لە ڕۆژانی جەژنی سەری ساڵی جووەکانە کە لە خۆرئاوابوونەوە دەستپێدەکات.
نافتالی بێنێت، سەرەک وەزیری ئیسرائیل، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت ئەوەی ڕوویداوە "ڕاکردنێکی مەترسیدارە" و دەشڵێت بەردەوام ڕاپۆرتی نوێی لەسەر پرۆسەی دۆزینەوەی ڕاکردووەکان پێدەگات.