ئارامییەکی ناجێگیر گەڕاوەتەوە بۆ شەقامەکانی شاری کوناکری، پایتەختی گینیا، هاوکاتی چاوەڕوانی هاوڵاتیان بۆ ڕاگەیاندنی حکومەتی نوێی وڵاتەکە پاش ئەوەی وەک پێدەچێت ڕوخاندنی حکومەتەکەی ئالفا کۆندی لەلایەن دەستبژێرێکی لەشکرییەوە کرابێت.
ئەم کودەتا لەشکرییە لە گینیا، ڕووبەڕووی ناڕەزاییەکی نێونەتەوەیی بۆتەوە.
هێزە تایبەتەکانی لەشکر، وەزیرەکانی حکومەتەکەی کۆندی و بەڕێوەبەرانی دامەزراوەکانی حکومەتیان بانگهێشت کردووە بۆ کۆبوونەوەیەک و دەشڵێن "ئەوەی ئامادە نەبێت لەو کۆبوونەوەیەدا بە یاخیبوون دادەنرێت."
دەستبەسەرداگرتنی ئەم وڵاتەی ڕۆژئاوای ئافریکا کە خاوەنی گەورەترین ڕێژەی "بۆکسیت"ە لە جیهاندا وەهای کردووە نرخی ئەلەمنیۆم بگاتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا. بۆکسیت ئەو مەتریاڵەیە لە پیشەسازی دروستکردنی ئەلەمنیۆمدا بەکاردەهێنرێت. ئەمڕۆش دووشەممە نیگەرانییەکان زیادیان کردبوو سەبارەت بە دواکەوتن یان نەگەیشتنی ئەم مەتریاڵە بۆ نێوەندە پیشەسازییەکان، هەرچەندە هیچ ئاماژەیەکی نەرێنیش نەبووە بۆ دواکەوتن یان نەگەیاندنی.
هاتوچۆیەکی کەم لە پایتەخت دەستیپێکردۆتەوە و هەندێک دوکان و بازاڕی ناوچەی کالۆوم لە کوناکری کراونەتەوە کە تەواوی ڕۆژی یەکشەممە شوێنی تەقەکردنێکی زۆر بووە هاوکاتی پێکدادانەکانی نێوان هێزە تایبەتەکان و سەربازەکانی لایەنگری کۆندی.
هەرچۆنێک بێت ڕەوشەکە نادیاریی پێوەیە لە کاتێکدا دەستەبژێری هێزە تایبەتەکان دەڵێن سەرۆکی وڵاتەکە لە گرتوخانەیە و حکومەتی گینیا و دەستوریش هەڵوەشێندراونەتەوە، بەڵام بەشەکانی تری لەشکر هێشتا هیچ ڕاگەیاندنێکیان نەداوە.