Accessibility links

بەرپرسی مەڵبەندی حەمرین: کورد چانسی بەدەستهێنانی کورسیەکی لە سەڵاحەدین هەیە


بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، کورد لە پارێزگای سەڵاحەدین کورسی پەرلەمانی بەدەست نەهێناوە، بەڵام لەهەڵبژاردنی ئەمجارەدا، چانسی بەدەستهێنانی کورسییەکیان لەو پارێزگایەدا هەیە، گەر ڕێژەی بەشداریکردنی کوردەکان لە ڕۆژی دەنگدان بەرز بێت.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، مەلا کەریم شکور کە هاوکات کاندیدی هاوپەیمانی کوردستانیە بۆ پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "چانسی بەدەستهێنانی کورسیەکمان هەیە، چونکە لەگەڵ گۆڕان هاوپەیمانین و لەگەڵ لایەنەکانی تریش لەیەکترگەیشتن لەنێوانمان هەیە، خەڵکیش حەماسەتێکی زۆری بۆ دەنگدان هەیە، چونکە دۆخی خورماتوو جیاوازە."

جەختیشیکردەوە"کورد لە کۆی 320 هەزار دەنگدەری بازنەی دووی خورماتو، 37 هەزار دەنگدەری هەیە، گەر 50%ی دەنگدەرانیش بەشداربن، کورسیەکمان مسۆگەرە، هەرچەندە ئێمە پێشبینی 70% بەشداریکردن دەکەین."

پارێزگای سەڵاحەدین، نزیکەی ملیۆنێک دەنگدەری تێدایە و پارێزگاکە کراوەتە سێ بازنەی هەڵبژاردنەوە و 12 کورسی بۆ دانراوە، کورد چاوی لەدەنگدەرانی قەزای خورماتوو کە دەکەوێتە بازنەی دووەوە، لەم بازنەیە یەکێتی کاندیدێک و پارتیش کاندیدێکی هەیە.

بەرپرسی مەڵبەندی خورماتووی یەکێتی، ئاماژەی بەوەشکرد هەوڵی زۆریان لەگەڵ پارتی داوە، تا پێکەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن، بەڵام ئەوان بەدەمەوە چوونیان نەبووە، وتی"خورماتوو جێ پێگەی یەکێتیە، 11 هەزار و حەوتسەد و چل ئەنداممان هەیە، دەبێت کاندیدەکە هی ئێمە بێت."

ناوبراو وتیشی"بەهای کورسی یەکەمی بازنەی دووی هەڵبژاردن ڕەنگە 12 هەزار دەنگ بێت و کورسیەکانی تریش تا 10 هەزار بێت، بۆ مێژوو دەیڵێم، کاندیدەکەی پارتی دوو هەزار دەنگ زیاتر ناهێنێت، خۆشیان ئەمە دەزانن، کەچی بەجیا دابەزین."

پێشتر لەقەزای خورماتوو، شەڕ و ئاڵۆزی زۆر لەنێوان پێشمەرگە و حەشدی تورکمانی ڕوویداوە و دەیان کەس لەهەردوولا کوژراون و برینداربوون، بەڵام مەلا کەریم جەختیکردەوە"ڕێگری لە هیچ لایەک نەکراوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، لێرە و لەوێ هەندێک پۆستەر دەدڕێنرێت، ئەمە لەهەموو شوێنێک ڕوودەدات و حاڵەتێکی ئاساییە."

مەهدی تەقی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق، کە پێشتر فەرماندەی لیوای حەشدی شەعبی بووە و لەهەڵبژاردنی پێشوودا بووە پەرلەمانتار، لەم هەڵبژاردنەشدا کاندیدی کوتلەی فەتح ی شیعیە لەبازنەی دووی پارێزگای سەڵاحەدین، دەنگۆی ئەوە هەیە ژمارەیەک گەنجی کورد لە کەمپینی بانگەشەکەیدا بەشداربن، لەو بارەیەوە مەلا کەریم شکور وتی"ئەو گەنجانە لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن و کاریگەریان لە قاعیدەی جەماوەری نیە، وەکچۆن ئێمە ئازادین لەناو تورکمان و عەرەب دا ئیش بکەین، ئەوانیش ئازادن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:09 0:00


XS
SM
MD
LG