Accessibility links

هۆگر چەتۆ: کۆی گشتی چاودێرەکانمان دەگاتە 10 هەزار کەس بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق


سەرپەرشتیاری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای دەکات هاوپەیمانێتیەکیان ڕاگەیاندووە کە لە حەوت تۆڕ پێکهاتووە کۆی گشتی چاودێرەکانیان دەگاتە 10 هەزار چاودێر لەسەرانسەری عێراق بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەر و چاودێری وڵاتانی ئەوروپا و رێکخراوە جیهانیەکان و لایەنە سیاسیەکان چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن کە بڕیار وایە لە ڕۆژی 10ی 10ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، هۆگر چەتۆ سەرپەرشتیاری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ دەنگی ئەمەریکا باسی وردەکاری و چۆنیەتی چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوە ناوخۆ و جیهانیەکان بەرنامەیان هەیە چاودێری پرۆسەکە بکەن لەوبارەیەوە دەڵێت " 161 رێکخراو لە سەرتانسەری عێراق لە ژێر سەیوانی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنی ئێستا عێراق کار دەکەن ئەم رێکخراوانە سێ هەزار چاودێریان پێشکەشکردووە و تۆمارکراون و ئێستاش لە قۆناغی ڕاهێنانين بۆ چاودێریکردنی هەر 18 پارێزگاکەی عێراق و 83 بازنەی هەڵبژاردن".

ناوبراو وتیشی " تۆڕی شەمس تا ئێستا حەوت ڕاپۆرتی لەسەر پرەنسیپ و یاساکانی هەڵبژاردن و تۆمارکردنی تۆماری دەنگدەران بڵاوکردووەتەوە و هەروەها لەسەر چاودێری نێودەوڵەتی و ئەو گۆڕانکاریانەشی کە بەسەر ئەو پرۆسەیەدا هاتووە و لەسەر دەنگدانی ئەو عێراقیانەی کە لە دەرەوەی وڵاتن و ئاوارەکان و بارۆدۆخی ئاسایشی هەڵبژاردن، و هەروەها ڕاپۆرتیش لەسەر دەنگدانی تایبەت و گشتی قۆناغ بە قۆناغ بڵاویدەکەینەوە".

بەپێی زانیاریەکان ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی جیهانی و یەکێتی ئەورۆپا و رێکخراوە جیهانیەکان چاودێری چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن،

لەبارەی هەماهەنگی تۆڕی شەمس لەگەڵ چاودێرانی وڵات و رێکخراوە جیهانیەکان و چۆنیەتی کارکردنیان، سەرپەرشتیاری تۆڕی شەمس گوتی" ڕۆژانە پەیوەندیمان هەیە و ئاڵۆگۆڕی زانیاری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەورۆپا دەکەین، ئێمە لە تۆڕی شەمس ئەندامین لە تۆری جیهانی عەرەبی بۆ چاودێری هەڵبژاردن لەو ڕێگەیەوە 30چاودێری نێودەوڵەتی زیاتر لە 11 وڵات هاتبوون ڕۆژانە و بە بەردەوامی لە پەیوەندیداین و گفتوگۆ دەکەین".
لەمیانەی وتووێژەکەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەبارەت بەوەی کە دەگوترێت لە زۆر بنکەی دەنگدان تەنانەت چاودێر و نوێنەری هەندێک لایەن و رەوتی سیاسیشی تێیدا نەبینراون بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو نەک بە تەنها تۆڕی شەمس، ئایا بۆ ئـەم هەڵبژاردنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەموو بنکەکانی دەنگدان تۆڕی شەمس چاودێری دەبێت واتا لەو بنکانەشی کە لە گوند و کۆمەڵگا دوورەکان دادەنرێن ؟ لەوبارەیەوە هۆگر چەتۆ سەرپەرشتیاری تۆری شەمس بۆ چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەکان، گووتی" ئیمە قسە لەسەر پەنجاو شەش هەزار وێستگەی دەنگدان و هەشت هەزارو شەشسەد بنکەی هەڵبژاردن دەکەین، هاوپەیمانێتیەکمان ڕاگەیاندووە کە لە حەوت نێتورک پێکدێت کۆی گشتی چاودێرەکانیان دەگاتە 10 هەزار چاودێر لەسەرانسەری عێراق بۆیە ئەگەر 10 هەزار چاودێر دابەش بکەین دەتوانین بڵێین لە تەواوی بنکەکانی دەنگدان دەبین، رێککەوتوون کە ئێمە دوو چاودێر لە یەک وێستگەی دەنگدان دانانین، ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان".

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:41 0:00


XS
SM
MD
LG