لە ناحیەی هەریری سەر بە قەزای شەقڵاوە بەهۆی کێشەی زەوی و کۆمەڵایەتیەوە شەڕە تەقە دروست دەبێت و بەو هۆیەوە سێ کەس گیان لەدەست دەدەن و سێی تریش برینداربوون و دەگوترێت برینی یەکێک لەو بریندارانە سەختە.
کاروان کەریم خان بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر بۆ دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەو ڕووداوەی شەڕ و ناکۆکیەکانی نێوان دوو بنەماڵەی ناحیەی هەریر گووتی" بەهۆی کێشەیەکی تری زەوی و زار و کۆمەڵایەتی کە چەند جارێک سەری هەڵدەداوە دوێنێ جارێکی تریش سەری هەڵداوە و بەداخەوە بووە هۆی کوژرانی سێ هاوڵاتی و دواتریش کە هێزە ئەمنیەکان هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەیان دەدا سێ کارمەندی پۆلیسیش برینداربوون کە دۆخی یەکێکیان ناجێگیرە دواتر هەوڵەکان بەردەوام بوون بۆ گرتنەبەری رێکاری ئیداری و رێکارە یاساییەکان بۆ ئەوەی بتوانین دۆخەکە لە قۆناغی یەکەمدا هێوربکەینەوە و دواتریش هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی کە یاسا سەروەربێت و یاسا بەسەر تەواوی ئەو کەسانەدا بسەپێنین کە تومەتبارن".
ناوبراو گووتیشی" هەندێک کەس دەستگیرکراون و چاوەڕێی رێکارە یاساییەکان و لێکۆلێنەوەکان دەکەین."
بەپێی خەڵکی ناحیەی هەریر شەڕەکە لە نێو سەنتەری شاری هەریر ڕوویداوە و لە ئێستاشدا بارۆدوخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنیەکاندایە و چاوەڕوان دەکرێت بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەنجامدەرانی ئەو ڕووداوە بکرێت.