Accessibility links

مۆسکۆ موشەکێکی نوێ تاقیدەکاتەوە


ڕوسیا موشەکێکی جۆری کروزی لە ژێردەریاییەکەوە تاقیکردۆتەوە کە خێراییەکەی لە سەرو خێرایی دەنگەوەیە.

ئەم تاقیکردنەوەیەی ئەمڕۆ دووشەممە، دواترین تاقیکردنەوەی چەکە نوێیەکانی ڕوسیایە.

ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا ئەم چەکە نوێیانەی وڵاتەکەی بەوە ناودێر دەکات "تێکناشکێنرێن."

مۆسکۆ لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بایەخی بە پەرەپێدانی چەک داوە بەو هیوایەی تایبەتمەندێتییەکی بداتێ لە هەر پێشەبڕکێیەکی چەکدا لەگەڵ ئەمەریکادا هاوکاتی هەروادێ و زیاتر بوونی پشێوییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوادا.

ئەم چەکانە دەتوانن بە زیاتر لە 5 هێندەی خێرایی دەنگ خێرا ببن و لە ناوەڕاستی ڕێگەکەشیاندا وەربچەرخێندرێن، ئەمەش وەها دەکات، بەرەنگاربوونەوەیان یان چاودێرکردنیشیان زۆر قورس بێت بە بەراورد لەگەڵ چەکە باوەکاندا.

لەشکری ڕوسیا لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا دەڵێت موشەکێکی زرکۆن لە ژێر دەریایی ناوکی سێڤرۆدڤینیسکەوە تەقێندراوە و لە نیشانەکەیشی داوە لەناو دەریای بارێنتس لە جەمسەری باکوری ڕوسیا.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیاش تاقیکردنەوە موشەکییەکە بە سەرکەوتوو دادەنێت.

پوتن لە وتارەکەی ساڵی 2018یدا بۆ سەرانسەری وڵاتەکەی، ئەم چەکە نوێیانەی ئاشکرا کرد کە لە سەرو خێرایی دەنگەوەن، لەوانە زرکۆن و ئاماژەیشی بەوەکرد ئەو جۆرە موشەکە توانایی هەیە لە دوری 1000 کیلۆمەترەوە لە نیشانەکانی خۆی بدات لەسەر زەوی و لە دەریاشدا.

XS
SM
MD
LG