ڕۆژی چوارشەممە بڕیاروابوو كە دادگاییكردنی پێنج لە ڕاگیراوانی پارێزگای دهۆک بە ناوەكانی سلێمان كەمال، عامر خالد، سلێمان موسا، فرسەت ئەحمەد و جەمال خەلیل لە دادگای تاوانی دووی هەولێر بەرێوەبچێت بەڵام دادگاییكردنەكەیان بۆ كاتێكی تر دواخرا، ئەم دواخستنە نیگەرانیەكی زۆری لای كەسوكاری ڕاگیراوان دروستكرد.
هەرێم رفعەت پارێزەری ئەو ڕاگیراوانە ڕایگەیاند "چەندین جارە دادگای تاوان ئەو كەیسە دوادەخات بە مەبەستی وردبینیكردن، لە دانیشتنی ڕابردوودا ئەو دادوەرە نوێیانەی كە هاتنە دادگا بەهۆی وردبینیكردنی پەڕاوەكە دادگاییكردنەكەیان دواخست وردبینی پەڕاوەكەیان تەواونەكردبوو، بەپێویستی دەزانین ئەمڕۆ سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری پەیامێكی لەسەر ئەو بابەتە هەبێت كە ئاخو هۆكاری ئەو حاڵەتەی بەرامبەر بە ڕاگیراوانی بادینان ئەنجامدەدرێت چییە".
لە پێش دادگای هەولێر ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتارانی فڕاكسیۆنە جیاجیاكان ئامادەبوون و داوای ئازادكردنی ئەو ڕاگیراوانەیان دەكرد.
دەنگی ئەمەریكا هەوڵیدا ئومێد موحسین گوتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری وەربگرێت سەبارەت بە هۆكاری دواخستنی دادگاییكردنی ئەو ڕاگیراوانە و ئەو تومەتانەشی كە ئاراستەی ئەو راگیراوانە دەكرێت بەڵام بەردەست نەبوو.
كەسوكاری ڕاگیراوان لە پرێس كۆنفرانسێكدا ڕایانگەیاند "هەر پێمان دەڵێن دواخرا ئێمە ناتوانین هەموو ڕۆژێك بێین، با دادگایی ئەوان بكرێت و هەر دوانەخرێت."
جێی باسە ئەو تومەتانەی كە ئاراستەی ئەو ڕاگیراوانە كراوە بەپێی پارێزەر هەرێم رفعەت كە بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاندووە " ئەو تومەتانەی کە ئاراستەیان کراوە هەوڵدانی پشێوی و هەوڵدان بۆ وەرگرتنی هاوکاری مادی لە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە و هەوڵی ئەوەیان داوە كە تەقە لە بەرپرسانی پارێزگای دهوک بكرێت."