ڕۆژی یەکشەممە لە سەرانسەری عێراق پرۆسەی دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت بۆ ئەو مەبەستەش بەپێی زانیاریەکان هەم لە ڕووی گەشتیاری و هەمیش لەڕووی بازرگانیەوە فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنووریەکان دادەخرێن.
مەسعود باتێلی سەرپەرشتیاری خاڵی سنووری حاجی ئومەران بە دەنگی ئەمەریکای وت "بەپێی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق لە کاتژمێر نۆی شەوی شەممە تا شەشی بەیانی ڕۆژی دووشەممە تەواوی دەروازە سنووریەکان و فڕۆکەخانەکان لە ڕووی گەشتیاری و بازرگانیەوە دابخرێن واتا نە کەس دەتوانێت بێت و نەکەسیش بڕوات و هیچ بارهەلگرێک هاتۆچۆ ناکان و بازرگانی ناکرێت ئەویش بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق.
سەبارەت بە زەرەر و زیانەکان بەهۆی داخستنی خاڵە سنووریەکان و هەروەها چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕیار و ڕێنماییەکان لەبارەی داخستنی خاڵە سنووریەکان، سەرپەرشتیاری خاڵی سنووری حاجی ئومەران لەوبارەیەوە دەڵێت " هەموو دەروازە سنووریەکان دادەخرێن و زەرەر و زیانەکانیش لەو بڕوایەدانیم کە کاریگەریەکی سلبی وەهای هەبێت چونکە تەنها بۆ ماوەی یەک ڕۆژی پرۆسەی دەنگدانە، ئێمە وەکو خاڵی سنووری ڕێنماییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرین و حکومەتی هەرێم ڕێنماییمان بۆ دەنێرێت و ئێمەش بەپێی ڕێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکان جێبەجێ دەکەین."
جێی باسە ڕۆژی هەینی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە ئەمنیەکانی وەکو وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری و پێشمەرگە و دەزگاکانی دژەتیرۆر و پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی هاتۆچوو و سەرجەم کارمەندانی هێزە ئەمنیەکان و بەشێک لە زیندانیان و ئاوارە عێراقیەکان بەڕێوەچوو و بڕیار وایە ڕۆژی یەکشەممەش دەنگدانی گشتی بەڕێوەبچێت و لەوبارەیەشەوە ڕێ و شوێنی ئەمنی توندوتوڵ گیراونەتەبەر بۆ کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی.