کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دوا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختی وڵاتەکە بڵاودەکاتەوە.
دوابەدوای بژاردنەوەی سندوقەکانی دەنگدان لە ژمارەیەک بنکەی هەڵبژاردنی عێراقدا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دوا ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنەی بڵاوکردەوە.
لایەنی سەدرییەکان کە موقتەدا ئەلسەدر، ڕێبەرایەتی دەکات بەپێی ئەو ئەنجامانە بۆتە خاوەنی 73 کورسی پەرلەمان.
لیستی تەقەدوم، کە موحەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتی دەکات بۆتە خاوەنی 37 کورسی پەرلەمان.
لیستی دەوڵەتی یاسا کە نوری ئەلمالیکی، سەرەک وەزیری پێشووی وڵاتەکە سەرۆکایەتی دەکات، بۆتە خاوەنی 34 کورسی پەرلەمان.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، 33 کورسی پەرلەمانی عێراقی بە دەستهێناوە.
لیستی هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) بەپێی ئەم دوا ئەنجامانەی کۆمیسیۆنی بالای هەڵبژاردنەکان بڵاوی کردوونەتەوە، خاوەنی 17 کورسی پەرلەمانی عێراقە.
هاوپەیمانیی فەتح، بە ڕێبەرایەتی هادی ئەلعامری، 17 کورسی و لیستی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر 14 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
نەوەی نوێ کە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکایەتی دەکات بۆتە خاوەنی 9 کورسی لە پەرلەمانی عێراقدا. یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان 4 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە و کۆمەڵی دادگەریش یەک کورسی پەرلەمانی هەیە.
ئەمانەش ناوی بەشێکی تری لیست و قەوارەکانی بەشداربوون لە هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراقدا لەگەڵ ژمارەی کورسییەکانیاندا:
ئیمتیداد، 9 کورسی.
ئیشراقە کانون، 6 کورسی.
عەقدی نیشتمانی، 5 کورسی.
تەسمیم، 5 کورسی.
هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت 4 کورسی.
جەماوەر ناسنامەمان، 3 کورسی.
جوڵانەوەی یەکلاکەرەوە، 2 کورسی.
لە ڕاگەیاندنەکەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بۆ دوا ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختەی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو کرا لە عێراق، لایەنەکانی حقوق و وڵاتەکەم نیشتمانمە و ڕەوتی فوراتەین، پڕۆژەی نیشتمانی، تەجەموعی سەنەد، وەفا، گۆڕانکاری، نەهجی فەزیلە، بەرهەمی نیشتمانی، بەرەی تورکومانی، هاوپەیمانی عەرەبی، هیواکان، توانای نیشتمانی، پارتی نیشتمانی، هەروەهاش هاوڵاتیانی واست، هەر یەکەیان بۆتە خاوەنی یەک کورسی پەرلەمانی عێراق.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، 40 کاندیدی سەربەخۆ لە عێراقدا هەڵبژێردراون بۆ پەرلەمان.