ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دۆخی وڵاتی تاڕادەیەکی زۆر ئاڵۆزکردووە، بەتایبەت دوای ڕەتکردنەوەی پرۆسەکە لەلایەن ژمارەیەک هێزی دەسەڵاتداری شیعە و خۆ نیشاندانی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر وەکو لایەنی براوەی پرۆسەکە.
شەوی ڕابردوو، کاتێک کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند، لایەنە شیعیەکان ئەنجامی پرۆسەکەیان ڕەتکردەوە و بەرپرسیارێتی کێشەکانیان خستەئەستۆی کۆمیسیۆن، لەبەرامبەریشدا، ڕەوتی سەدر هۆشداریدانی بەکۆمیسیۆن ڕەتکردەوە، بۆیە هێزە عێراقیەکان خرانە حاڵەتی ئامادەباشیەوە.
دۆخی شەوی ڕابردووی عێراق هێندە ئاڵۆزبوو، بەرپرسانی کۆمیسیۆن نەیانتوانی تەواوی ئەنجامەکان بخەنەڕوو، بەڵکو ئاماژەیان بەوەکرد، ئەنجامەکان لەڕێگەی وێبسایتی فەرمی خۆیانەوە بڵاودەکەنەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەنجامی یەکلاکەرەوەیان ڕانەگەیاند و بواریان بۆ تانە هێشتەوە.
حەمدی گلی، شارەزای بواری ئاسایشی نەتەوەیی، پێیوانیە ڕەتکردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن بەشێک لە هێزە شیعیەکانەوە، ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەکە، دەڵێت"تشرینیەکان و شەقامی عێراقی گۆڕانکاریان دەوێت، لایەنە نزیکەکان لە ئێرانیش دەنگیان کەم هێناوە، بۆیە ئەم دۆخە درێژە دەکێشێت."
هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕاگەیاندووە، بەڵام هێشتا جێگیرکردنی ئەنجامەکان دوو قۆناغی ماوە، قۆناغی یەکلایی کردنەوەی سکاڵا و تانەکان و قۆناغی پەسەندکردنی ئەنجامەکان لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە.
موقتەدا سەدر وەکو براوەترین هێزی عێراق، ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی و پێکهێنانی حکومەت دەکات، لەبەرامبەریشدا هێزە نەیارەکانی لەنێو شیعەدا، لەلایەک ئەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوە و لەلاکەی تریش کار بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە پێکهێنانی حکومەت لەلایەن سەدرەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبەغداوە کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ڕەتکردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن هێزە شیعەکانی نەیاری سەدر، کارتی فشارە، تا سەدر حکومەت پێکنەهێنێت."
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، هێزە شیعەکان بە ئاسانی ڕێگە بەسەدر نادەن حکومەت پێکبهێنێت و دەیانەوێت خۆیان پێکیبهێنن، پێناچێت سەدریش بەمە ڕازی بێت، چونکە لایەنی براوەیە و گەر حکومەت پێکنەهێنێت، دەشکێت.
حەمدی گلی ڕوونیشکردەوە، پشتگوێ خستنی سەدر لە پێکهێنانی حکومەت ئاسان نیە، چونکە خاوەنی هێز و جەماوەرە، خۆشی بە ڕابەری تشرینیەکان دەزانێت، بۆیە بەئاسانی چۆک دانادات.
لەکاتێکدا هێزە شیعیەکان بوون بە دووبەرە و لە کێشمەکێشێکی قورسدان، تا ئێستا کورد و عەرەبی سونەش خۆیان لەسەرهیچکام لەو دووبەرەیە ساغ نەکردووەتەوە، چاوەڕێی ڕێککەوتنی شیعە و کۆتایی هاتنی کێشمەکێشەکانن، تا بکەونە گفتووگۆ و دانوستان لەگەڵیان.
پێناچێت کورد بە ئاسانی خۆی لەسەر هیچکام لەو دوو بەرەیەی شیعە ساغ بکاتەوە، تا ئەوکاتەی ئەنجامی کێشمەکێشەکان یەکلایی دەبێتەوە و کورد بەرچاوی ڕوون دەبێت.
سالار مەحمود، چاودێری سیاسی، ئاماژەی بەوەکرد هەموو جارێک بابەتی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی لەنێو شیعەدا دەبێتە مایەی کێشمەکێش، وتی"گەر پارتی و یەکێتی پێکنەیەن، ئەوانیش بەسەر دووبەرەکەی شیعەدا دابەش دەبن، لەمحاڵەتەشدا ناتوانن خواستە نیشتیمانیەکانیان بۆ چوارساڵی داهاتوو بەدی بهێنن."
کێشمەکێشی نێوان هێزە شیعیەکان هێندەی لەسەر دروستکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و پێکهێنانی حکومەتە، هێندە پەیوەست نیە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەوە، بۆیە ئەم کێشمەکێشانە، ڕەنگە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بۆ ماوەیەکی زۆر دوابخات.
زانیاری زیاتر لە ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە.