Accessibility links

شەڕی مەئرب بەردەوامە و حوسییەکان کوژراوێکی زۆریان هەیە


هاوپەیمانێتی لەشکریی بە سەرکردایەتی شانشینی عەرەبستانی سعودیە کوژرانی 264 کەس لە حوسییەکان ڕادەگەیەنێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی هاوپەیمانێتی لەشکریدا هاتووە "هێرشە ئاسمانییەکانی 72 کاتژمێری رابردوو، ناوچەکانی نزیک شاری ستراتیژی مەئربیان گرتۆتەوە و بە سەدان برینداریش هەن."

لەو ناوچانەی بۆردومان کراون، شەڕی گەورە و خوێناوی بەردەوامە لە نێوان حوسییەکان و هێزە سەربازییەکانی حکومەتی یەمەندا.

هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە، پشتیوانی لە هێزە سەربازییەکانی حکومەتی یەمەکان دەکات و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش پشتیوانی لە سەرهەڵداوانی حوسییەکان دەکات.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هاوپەیمانێتی، هێرشە ئاسمانییەکان لە ناوچەکانی "کەسارە و جەویە" کراون و بێ لە ژمارەی کوژراوەکان 36 ئامێر و کەرەستەی سەربازیش تێکشکێندراون.

زۆر بە دەگمەن حوسییەکان لە ڕاگەیەندراوەکانیاندا باس لە زیانی گیانی بکەن.

هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە لە هەوڵی ڕێگەگرتنە لە حوسییەکان تا دەستنەگرن بەسەر شاری مەئربدا کە دوا پێگەی حکومەتی یەمەنە.

لە مانگی 2ی ڕابردووەوە، حوسییەکان هێرشەکانی خۆیان چڕ کردۆتەوە بۆ دەستبەسەردا گرتنی شاری مەئرب.

ئەم شەڕانەش بوونەتە مایەی کوژرانی سەدان کەس و هەروەهاش ئاوارەبوونی زیاتر لە 55 هەزار دانیشتووی ناوچەکان.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە و بەپێی ئامارەکانی دەزگای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 3 ملیۆن و 300 هەزار کەس ئاوارەن لە یەمەن و هەروەهاش 24 ملیۆن و 100 هەزار کەسیش کە دەکاتە دوو لەسەر سێی دانیشتوانی یەمەن، پێویستیان بە یارمەتی و کۆمەکی دەستبەجێ هەیە.

یو ئێن چەندان جارە دەڵێت "خراپترین قەیرانی مرۆیی لە ئێستای جیهاندا، لە وڵاتی یەمەندایە."

XS
SM
MD
LG