Accessibility links

مەترسی قەیرانی مرۆیی ئەفغانستان لە سوریا و یەمەنیش زیاترە


زیاتر لە 22 ملیۆن هاوڵاتی ئەفغانستانی لە وەرزی زستاندا دوچاری مەینەتی نەبوونی "ئاسایشی خۆراک" دەبنەوە.

دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاهیدەدەن کە ئەم وڵاتە ناجێگیرە، لە ئێستادا ڕووبەڕووی یەکێک لە قەیرانە گەورە مرۆییەکانی جیهان دەبێتەوە.

دەیڤد بیاسلی، بەڕێوبەری جێبەجێکاری دەزگای خۆراک، سەر بە یو ئێن دەڵێت "لە وەرزی زستاندا، بە ملیۆنان هاوڵاتی ئەفغانی ناچار دەبن یان کۆچ بکەن یان لە برسێتیدا بژین، ئەگەر نەتوانرێت یارمەتی و کۆمەک بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان دابین بکرێت."

کاربەدەستان بە ئاژانسەکانی هەواڵیان ڕاگەیاندووە، قەیرانی ئەفغانستان لە ئێستادا لە ئاستێکی گەورەتردایە بە بەروارد بەو قەیرانانەی لە وڵاتەکانی وەک یەمەن و سوریادا هەن و ئەم قەیرانەی ئەفغانستان لە ڕووی ئاسایشی خۆراکیشەوە زۆر خراپە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری جیهاندا، بێجگە لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ.

دەیڤد بیاسلی، لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا دەڵێت "ئەفغانستان لەناو بەدترین قەیرانی مرۆییدایە، ئەگەر لە هەمووی خراپتریش نەبێت و هەروەها ئاسایشی خۆراک لەو وڵاتەدا داڕماوە. هەروادێ و نزیک دەبینەوە لە ڕوودانی کارەسات، ئەگەر بێتوو لە ئێستادا کار نەکەین بۆی، ئەوا ئیتر ئەو کارەساتە دەبینین."

بەپێی ڕاگەیەندراوی بەرنامەی جیهانی خۆراک و هەروەهاش دەزگای خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە یو ئێن، لە دوو هاوڵاتی ئەفغانستان، یەکێکیان لە قەیرانی پلە سێ یان پلە چواری بە پەلەدایە بەهۆی کەمی خۆراکەوە.

پلە چواری ئەم قەیرانە، یەک پلەی دەمێنێت بۆ برسێتی، وەک کاربەدەستان بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسیان ڕاگەیاندووە "ئەفغانستان کە لە ململانێی هەڵسانەوەدایە لە 20 ساڵی شەڕی ناوخۆ، ڕووبەڕووی سەختترین وەرزی زستان دەبێتەوە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا."

لە مانگی 8ی ڕابردوودا، توندڕەوە ئیسلامییەکانی تاڵیبان، حکومەتی وڵاتەکەیان ڕوخاند کە ئەمەریکا پشتیوانی دەکرد و حکومەتێکی کاتی لەو وڵاتەدا ڕاگەیەندرا و تاڵیبان پەیمانیشی دا کە سەقامگیری بگێڕێتەوە؛ بەڵام هێشتا تاڵیبان لە ژێر سزای نێونەتەوەییدایە و لە ژێر هێرشە خوێناوییەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی توندڕەودایە لە کاتێکدا گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا، وشکە ساڵی لە ئەفغانستاندا زۆر خراپتر کردووە.

XS
SM
MD
LG