له چه‌ند رۆژی رابردوو له په‌رله‌مانی هەرێمی کوردستان پشێوی و هه‌ندێک ئاڵۆزی لێ که‌وته‌وه، به تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن له په‌رله‌ماندا که 7 کوتله‌ن، دانیشتنه‌که‌یان به‌جێهێشت و بڕیاری بایکۆتیان داوه، له هه‌مبه‌ر وه‌ک ئه‌وان ده‌ڵێن هه‌ڵسوکه‌وت و وته‌ی نه‌شیاوی ئه‌ندامێکی په‌رله‌مانی پارتی دیموکراتی کوردستان که خاوه‌نی زۆرینه‌ی کورسییه‌کانی په‌رله‌مانه.
له‌م به‌رنامه‌یه‌ی هه‌له‌و واشنتن که به‌هۆی که‌مو کورتییه‌کی ته‌کنیکییه‌وه نه‌توانراوه، رووبه‌روو هه‌ردوو میوانه‌که له‌به‌رنامه‌که‌دا بن، به‌شێوه‌یه‌کی جیاواز وتوێژیان له‌گه‌ڵدا کراوه. ئه‌وانیش به‌ڕێزان حه‌سیبه گه‌ردی له‌فراکسیۆنی پارتی دیموکرات و ئاشنا عه‌بدوڵا له‌فراکسیۆنی گۆڕان.
زۆرجار دیمه‌نی له‌و چه‌شنه له‌خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان رویان داوه، روداوی ئه‌م جاره، هه‌ر لایه‌و به‌شێوه‌یه‌ک وه‌سفی ده‌کات و بیروڕای جیاوازیان له‌باره‌یه‌وه هه‌یه، سه‌ره‌ڕای بایکۆتی 7 فراکسیۆن له‌په‌رله‌مان، له تۆره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیش ره‌نگدانه‌وه‌ی زۆری هه‌بوو که چۆن ئه‌ندامێکی په‌رله‌مان به‌و چه‌شنه ئاخاوتن بکات.
هێشتا ئه‌م کێشه‌یه له لایه‌ن لیژنه‌یه‌کی لێکۆڵینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆی په‌رله‌مان ساخ نه‌کراوه‌ته‌وه، له‌و باره‌یه‌وه که گوایه ئه‌ندام په‌رله‌مانی فراکسیۆنه‌که‌یان به‌ڕێز جه‌لال په‌ریشان ئه‌و جنێوانه‌ی دابێت، فراکسیۆنی پارتی ئه‌و قسه نه‌شیاوانه به بوختانی ئۆپۆزسیۆن و هه‌ڵبه‌ستنی ناو ده‌به‌ن، هه‌رچی ئۆپۆزسیۆنیشه باس له‌هه‌بوونی گرته‌ی ڤیدیۆیی ده‌که‌ن، وه‌ک له‌م وتوێژه‌ش له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتار حه‌سیبه گه‌ردی له‌فراکسیۆنی پارتی دیموکرات هه‌روا ده‌ڵێت ''ئه‌م قسه‌یه که ئۆپۆزسیۆن بۆ برای به‌ڕێزمان جه‌لال په‌ریشانیان هه‌ڵبه‌ستووه، دووره له راستییه‌وه، باشه بۆچی که له‌هۆڵی په‌رله‌ماندا بوون، تانه‌یان له‌و قسه‌یه نه‌داوه، بۆچی ئۆپۆزسیۆنێکی هێنده شه‌ریفمان هه‌یه، گوێ بیستی وشه‌یه‌کی ناشایسته ببن، به‌بێ ته‌پڵ لێدان وفیکه کێشان و هاشو هووش په‌رله‌مان به‌جێ بهێڵن، باوه‌ڕت بێت ئه‌وکات هه‌موو مێزه‌کانی په‌رله‌مانیان ده‌شکاند''.
سه‌باره‌ت به وتن‌و نه‌وتنی ئه‌و رسته‌یه‌ی که‌له زۆرێک له‌میدیاکاندا بڵاو بووه‌ته‌وه، گوایه له‌کاتی قسه‌کردنی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی گۆڕان شایان عه‌سکه‌ری له‌سه‌ر دۆسێی زیندانیانی بادینان و ناوهێنانی پارتی، په‌رله‌مانتاره‌که‌ی پارتی قسه نه‌شیاوه‌که‌ی وتووه. له‌و باره‌یه‌وه په‌رله‌مانتاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاشنا عه‌بدوڵا ده‌ڵێت ''له‌سه‌ر راستی و دروستی ڤیدیۆکه که له ئه‌کاونتی هاوڕێیه‌کی ئێمه بڵاوبووه‌ته‌وه، روونه، به‌داخه‌وه که ئه‌و وشه ناشرینانه، ناشایسته و نا لایق به‌کاری په‌رله‌مانتاری، ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه ده‌یڵێت، یه‌کلایی بووه‌ته‌وه که وتراوه، ئه‌وه‌ی که پارتی ده‌ڵێت نه‌وتراوه، به‌راستی جێی سه‌رسوڕمانه.''
هه‌رچه‌نده دوای ئه‌و روداوه ٧ فراکسیۆن بایکۆتی دانیشتنه‌کانیان کردووه‌و به‌یاننامه‌یه‌کیشیان بڵاو کردووه‌ته‌وه و داواکاری سه‌ره‌کیان ئه‌وه‌یه که په‌رله‌مانتاره‌که‌ی پارتی دیموکرات جه‌لال په‌ریشان له‌نێو حه‌ره‌می په‌رله‌مان داوای لێبوردن له‌خه‌ڵکی کوردستان بکات، به‌ڵام ئه‌م داوایه‌ی ئۆپۆزسیۆن به‌داوای لێبوردنی سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکرات له‌په‌رله‌ماندا کۆتایی به بایکۆته‌که‌یان نه‌هێناوه، له‌و باره‌یه‌وه حه‌سیبه گه‌ردی ده‌ڵێت ''سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارتی داوای لێبوردنی له‌ئۆپۆزسیۆن نه‌کردووه، به‌ڵکو داوای لێبوردنی له‌جه‌ماوه‌ری پارتیمان کردووه‌و گه‌لی کوردستان، ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕوپاگه‌نده‌یه ببێته هۆکاری گه‌یشتنی قسه‌یه‌کی نه‌شیاو و هه‌ڵبه‌ستراو بۆ ئه‌ندامێکی په‌رله‌مانی پارتی به خه‌ڵک، داوای لێبوردنمان له‌خه‌ڵک کردووه، پاشان بۆ ئه‌و ئه‌ندامه‌مان داوای لێبوردن بکات له‌سه‌ر قسه‌یه‌ک که نه‌یوتووه‌و هه‌ڵبه‌ستراوه''.
له‌و باره‌یه‌وه که پارتی ره‌دی ده‌کاته‌وه قسه‌ی وه‌ها وترابێت ئاشنا لای وایه داوای لێبوردنه‌که‌ی فراکسیۆنی پارتی شه‌رمنانه بووه و ده‌شڵێت ''به‌به‌رنامه‌و پلان ویستێک هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه به‌ڕۆڵی راسته‌قینه‌ی خۆی هه‌ڵنه‌سێت و چاودێرێکی راسته‌قینه‌ی ئیشوکاره‌کانی حکومه‌ت بێت، ئه‌وه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی ده‌سه‌ڵاتداردایه، لاوازی ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانی کوردستانه که نه‌یان توانیوه ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه بپارێزێت، له‌کاتێکدا ده‌سه‌لاتێکی سه‌ربه‌خۆی ته‌واوی هه‌یه، له‌وه‌ته‌ی په‌رله‌مان دروست بووه په‌رله‌مانی وا لاوازی به‌خۆوه نه‌دیوه، حکومه‌ت وا له‌په‌رله‌مان ده‌روانێت، فه‌رمانگه‌یه‌کی سه‌ر به‌خۆی بێت، که‌ی ویستی ده‌بێت کۆببێته‌وه، هه‌ر یاسایه‌کی بوێ بۆ مه‌یسه‌رکردنی کاره‌کانی بۆی به‌یاسایی بکرێت، هه‌رکاتیش هاته سه‌ر چاودێری کردن، ئه‌وا ده‌رگاکان بهقوفیڵ داده‌خه‌ن''.
له‌دنیادا په‌رله‌مان بێ کێشمه کێش و گرفت تێپه‌ڕ نه‌بووه، له‌زۆر وڵات ده‌بینرێت که دۆخه‌که نه‌ک قسه‌ی ناشیاو، به‌ڵکو ده‌گاته به‌ریه‌ک که‌وتنیش، به‌ڵام هه‌ردوو میوانه‌که کۆک بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌و په‌رله‌مانانه شه‌ڕ له‌سه‌ر بودجه‌و گرفتی گشتی ده‌که‌وێته‌وه، به‌لام له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی جار جاره له په‌رله‌مانی کوردستان ده‌که‌وێته‌وه، بۆچوونه‌کانی هه‌ردولایان جیاواز بوو، له‌و باره‌یه‌وه ئاشنا ده‌ڵێت ''پاراستنی شکۆی په‌رله‌مان له‌ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکی په‌رله‌مانه، له‌ماوه‌ی رابردوو گرژی و ئاڵۆزی بووه‌و سه‌رۆکایه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌کانی به‌کارهێناوه، به‌پێی یاسا‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان یاسا رێگه‌یداوه په‌رله‌مانتار به‌ئازادانه بدوێ، ئه‌گه‌ر لای به‌رامبه‌ر پێی وابێت نابێت که‌س باسی حیزبه‌که‌ی ئه‌و بکات ئه‌وه ئه‌و په‌ڕی ته‌سک بینین و کورت بینینه، پارتی به‌و زۆرینه‌یه‌ی هه‌یه‌تی توشی غرورێکی سه‌یر هاتووه''.
رۆڵی ئۆپۆزسیۆن له ده‌سه‌ڵاتی دیموکراسیدا رۆلێکی گرنگ ده‌گێرێت، به‌ڵام ئایا ئۆپۆزسیۆنیش له کوردستان بێ کێشه‌و گیر‌و گرفته، له‌و باره‌یه‌وه حه‌سیبه گه‌ردی ده‌ڵێت ''ئۆپۆزسیۆن رۆحی ده‌سه‌ڵاته، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی ته‌ندروست کاری خۆی بکات، له‌هه‌رێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆنێکی ڕه‌ش بین ناته‌ندروست، دژ به‌هه‌موو پیرۆزییه‌کان هه‌یه، هه‌میشه به شتی باشیش ده‌ڵێن خراپه، هه‌رکات پرسێکی گشتگیری بێته په‌رله‌مانه‌وه ئه‌مان ئاشوبێک ده‌نێنه‌وه، ئه‌و تاقمه تاکو ئێستا فێری ئه‌دای کاری په‌رله‌مانی نه‌بوون، ئۆپۆزسیۆن ده‌یه‌وێت به ژاوه‌ژاو خۆی بکاته ژماره، ئێمه ئۆپۆزسیۆنێکی پۆپۆلیستیمان هه‌یه، زۆریان هه‌ر لێدوانه‌که‌ی بۆ کامێراکه‌ی خۆی ته‌واو بوو جه‌لسه‌که به‌جێدێڵێت''.