Accessibility links

فەرماندەیەکی پێشمەرگە: جوڵەی داعش ئاسایی نییە


فۆتۆی دڵشاد ئەنوەر
فۆتۆی دڵشاد ئەنوەر

جموجۆڵی داعش لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک و سەڵاحەدین بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، لەچەند شەوی ڕابردوودا، لە چەندین قۆڵی ئەو پارێزگایانەوە هێرشیانکردووەتە سەر هێزە عێراقیەکان و دوا هێرشیشیان شەوی ڕابردوو بوو، کردیانە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری پردێ و دوو پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا محەمەد هەژار جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتەپە/حەمرین ی پێشمەرگە، کە ماوەی چەند شەوێکە هێزەکانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی داعش خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، دەڵێت "جوڵەی داعش ئاسایی نییە، لە جاران زیاتر پەلامار دەدەن، بۆیە وەزارەتی بەرگری عێراق تەواوی هێزەکانی لەچەند پارێزگایەک خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە."

دەشڵێت " ئێستا مەترسی شوێن گرتن لەلایەن داعش لە ئارادایە."

دەربارەی هۆکاری خستنەحاڵەتی ئامادەباشی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری قەرەتەپە/حەمرین، لیوا محەمەد وتی"جموجۆڵی مەفرەزەکانی داعش لە ئارادایە لە قۆڵی زینانە و جەبارە، هێزەکانیان گەورەنین، بەڵام لە ئامادەباشیداین تا پەلاماری ڕەبیەکانمان نەدەن."

فەرماندەکەی پێشمەرگە ڕوونیکردەوە، داعش فەرماندە و هێزەکانیان ئاڵوگۆڕپێدەکات، مەفرەزەکانیان بە ناوچەکاندا دەسوڕێنەوە، وتی"خەڵکیان هەیە چەکدار نییە و سەرقاڵی شوانی و ئاژەڵداریە، بەڵام کاتێک پێویستیان پێیەتی، دەیخەنە ئەرکەوە و وەکو چەکدار بەکاری دەهێنن."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا محەمەد هەژار جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتەپە/حەمرینی پێشمەرگە، ئاشکرایکرد ئەو هێزانەی داعش بۆ پەلاماردان بەکاریاندەهێنن، مەفرەزە بچوکەکانی ناوچەکانن و کۆیان دەکەنەوە.

زانیاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:02 0:00


XS
SM
MD
LG