گرنگە هونەرمەند و بەتایبەتیش هونەرمەندی شێوەکار خاوەنی دیدگا و ڕوانینی هونەریی تایبەت بە خۆی بێت و هەمیشەش ڕاشکاوانە لەگەڵ بینەرانی خۆیدا بدوێت و تابلۆکانیان ببنە پردی پەڕینەوە لەگەڵ بینەری ڕژددا.
سەروسەوداکردن لەگەڵ ڕەنگەکاندا کارێکی سانا نییە، بەتایبەتیش لەم سەروەختەدا کە بەیەک گەیشتنی شارستانیەتییەکان هێندە ئاسان بووە وەک ئەوەی بڵێیت هەموو شتەکان لەبەردم خۆتدا ڕوودەدەن؛ ئەڵبەت ئەمەش کاریگەری خۆیی هەیە جا ئەرێنی بێت یان نەرێنی بێت لەسەر ژینگەکانی کارکردن کە بەلای هەندێک هونەرمەندەوە وەک تارا خەلیل، هونەرمەندی شێوەکار دەڵێت "بەڵام ئەمە وەها ناکات هونەرمەند بە تەواوی جودا بکاتەوە لەو ژینگە سروشتی و مرۆییەی کە تێیدا دروست بووە."
بیرۆکەکان و کەرەستەکان پێکەوە ئاوێزانی یەکدی دەبن و نەک هەر تابلۆ، بەڵکو لەوانەشە پڕۆژەی هونەرمەندێک دروست بکەن.
بەبێ هیچ گومانێک سەرنجی هونەرمەند لە هەر شتێک، تەواو جیاوازە لەو سەرنجەی منی بینەر دەیدەم لەو شتە، چونکە هونەرمەند لە ڕیی ڕەنگەوە سەروسەودای لەگەڵدا دەکات و دەخوازێت بیرۆکەیەکی نوێ بەو شتە ببەخشێت و کەرنەڤاڵێکی ڕەنگ ئامێز پێشکەش بکات.
کارکردن لەسەر تابلۆ، وەک بەیەکدادانی هەست و نەستە لە مەیدانی پرسیارە بزێوەکاندا و پانتاییەکانی گەڕان بۆ وەڵامە نەسرەوتەکان بەرینتر دەکات و ئەمەش چێژێکی جیاواز بە بینەر دەبەخشێت.
لێرەوە دەکرێت بڵێین، جا هەر تەنها بیرکردنەوەیەک لە دەستکاری کردنی کلتور و گۆڕانکارییە پڕ لە جوانکارییەکان وەهامان لێدەکەن پێزانینمان هەبێت بۆ گرنگیی تابلۆ هونەرییەکان بە کۆن و نوێیانەوە، تەنانەت ئەگەر ڕەخنەی شێوەکارییش ئامادەییەکی ئەوتۆی نەبێت، هەرچەندە بوونی ئەم ڕەخنەیە زۆر گرنگە و زۆریش پێویستە.
تارا خەلیل، هونەرمەندی شێوەکار، بێجگە لەوەی یەکێکە لە هونەرمەندە دیارەکان و تابلۆکانی بوونەتە جێی سەرنجێکی زۆری بینەرانی، لە ساڵی 2003دا دەگەڕێتەوە بۆ شاری کەرکوک زێدی خۆی و لەوێش لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەندی تردا پێکەوە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی کەرکوک دادەمەزرێنن.
تارا، لە تابلۆکانیدا بایەخێکی زۆریشی داوە بە وێنە کێشانی کەسایەتییە گەورەکان و ناسراوەکانی نیشتمانەکەی، وەک دەڵێت بە پێویستی دەزانێت تابلۆش بەشدار بێت لە بە زیندوو هێشتنەوەی ئەو مرۆڤە گەورانەدا.
تارا خەلیل، هونەرمەندی شێوەکار، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا دەداتەوە.