شارەزایەکی بواری قەیرانی ئاو ڕایدەگەیەنێت، عێراق ساڵانە پێویستی بە 75 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە، لەکاتێکدا بەنداوەکانی لەئێستادا کەمتر لە 35 ملیار مەتری تێدایە، بۆیە مەترسی وشکە ساڵی و بەبیابانبوون لەهەندێک ناوچەی عێراق لە ئارادایە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت مامۆستای زانکۆ و شارەزای بواری قەیرانی ئاو دەڵێت"گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا وایانکردووە، زۆرێک لەناوچەکانی جیهان مەترسی وشکەساڵیان لەسەر دروست ببێت."
ڕوونیکردەوە، گەرمیان و دەشتی هەولێر و هەندێک ناوچەی سلێمانی لەبەردەم مەترسی وشکە ساڵی و بەبیابان بووندان، وتی"لەڕووی زانستیەوە، 10 ساڵ جارێک گەر وشکە ساڵی ڕووبدات ئاساییە، بەڵام گەر بووە دوو ساڵ و سێ ساڵ کێشە دروست دەبێت."
وتیشی"هەندێک ناوچەی کوردستان بەتایبەت سنوری گەرمیان، وشک و نیمچە وشکن و گرفتیان لەگەڵ هاوسەنگی ئاودا هەیە، گەرمیان ساڵانە پێویستی بە 250 ملم تا 300 ملم باران هەیە، بەڵام ڕێژەی بەهەڵم بوون بەرزترە لەدابارین، ڕێژەی بەهەڵمبوون نزیکەی 3 هەزار ملیمە ساڵانە."
ئەو شارەزایەی بواری ئاو ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران و تورکیا پابەندنین بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیەکانەوە، حساب بۆ پێداویستیەکانی عێراق ناکەن لەڕووی ئاوەوە، وتی"زۆربەی سەرچاوە ئاویەکانی عێراق لەئێران و تورکیاوەیە، 50تا60%ی سەرچاوەی ئاوی عێراق لەو دوو وڵاتەوەیە، گرتنەوەی ئەم ئاوە گرفتی گەورەی دروستکردووە، وتی"عێراق ساڵانە پێویستی 75 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە، لەکاتێکدا کەمتر لەو بڕە لەبەنداوەکان هەیە، هەرێمیش ساڵانە پێویستی بە 10 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە، بەڵام بەنداوەکان ئەو بڕەی تیا نیە."
دکتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت پێیوایە تەنها چارەسەری قەیرانی ئاو ڕێککەوتنە لەگەڵ ئێران و تورکیا یاخود سکاڵاتۆمار کردنە لەسەریان، بەڵام حکومەتی عێراق لاوازە، وتی"تەنها چارەسەر دەستگرتنە بە ئاوەوە و بەکارهێنانی ڕێگەی زانستی ئاوە لە کشتوکاڵ و ئاودێریدا."