Accessibility links

جۆرە داڵێک بەبێ نێرینە دەتوانێت وەچە بخاتەوە


کەندۆر، جۆرک لە باڵندەی داڵ (سیسارک) لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە ڕۆژئاوای ئەمەریکا، دەتوانێت بەبێ بەشداری نێرینە وەچە بخاتەوە، ئەمە بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک لە لایەن زانایان لە ڕێکخراوی هاوپەیمانی باخچەی ئاژەڵان و گیاندارە کێویەکانی سان دیێگۆ.

زانایان بەڕێکەوت گەیشتن بەم ئەنجامە چاوەڕواننەکراوە کاتێک سەرقاڵی پشکنینی بایەلۆجی بوون بۆ باڵندەی کەندۆر کە مەترسی لەناوچوونی لەسەرە. لە کاتی پشکنینەکە ، بینیان کە دوو جوجەڵەی کەندۆر بەبێ پیتاندن لە هێلکە هەڵهاتوون.

لێکۆڵینەوە زاناستیەکە ئەوەی پشتڕاستکردۆتەوە کە هەریەک لە جوجەڵەکان جینی دایکی هەڵگرتووە بەبێ هەبوونی هیچ شوێن پێیەکی جینی نێرینەی کۆندۆر.ئەمە یەکەم حاڵەتە لە وەچەخستنەوەی بێ سێکس کە لەو باڵندەیە تۆمار بکرێت.

وەچەخستنەوەی بێ سێکس، یان پارسنۆجێنەسس، جۆرێکە لە وەچە خستنەوە کە تێیدا هێلکە دەبێتە ئاوڵەمە (embryo) بەبێ پیتاندنی لەلایەن تۆو. ئەم حاڵەتە لە چەند جۆری ڕووەک و خشۆک و ماسی و گیاندارانی تردا ڕوودەدات.

سنسیا ستێینەر، بەرپرسی بەشی لێکۆڵینەوە لە هاوپەیمانی باخچەی ئاژەڵان و گیاندارە کێویەکانی سان دیێگۆ، لەبارەی ئەم حاڵەتە لە ناو باڵندەی کەندۆر ڕایگەیاند، "ئەمە دۆزینەوەیەکی زۆر دەگمەنە چونکە، بەگشتی، لەناو باڵندەکاندا زۆر ڕوونادات. ئەمە زانراوە لە بوونەوەرەکانی تری وەکو خشۆکەکان و ماسی بەڵام لەناو باڵندە زۆر دەگمەنە، بەتایبەت لەناو باڵندەی کێوی."

سنسیا ڕایگەیاند کە لەکاتی تۆمارکردنی ئەم حاڵەتە لە سیسارکەکە، ئەوەی زیاتر بووە جێگەی سەرنجی زانایان بریتی بوو لەوەی کە دایکەکانی هەردوو بێچوەکە لەگەڵ کەندۆری نێرینە ژیاون و هەلی جوتبونیان هەبووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، "بە هۆکارێک، بڕیاریانداوە کە پەنا ببەنە بەر وەچەخستنەوەی بێ سێکس."

ئەو ڕایگەیاند کە لەکاتی تروکانی هێلکەکان، جوجەڵە کەندۆرەکان کێشیان کەم بووە. یەکێکیان لە دارستان ئازاد کراوە و لە ساڵی 2003و لەتەمەنی دوو ساڵی دا مردووە. بەڵام کەندۆری دووەم لە باخچەی ئاژەڵان هێڵدراوەتەوە تا ساڵی 2017 و لە تەمەنی هەشت ساڵیدا مردووە.

باڵندەی کەندۆری کالیفۆڕنیا یەکێکە لە دەگمەنترین جۆری داڵ (سیسارک) لە جیهاندا. کۆی ژمارەیان بە 500دانە دەخەمڵێندرێت و زانایان لەهەوڵی زیاد کردنی ئەو ڕێژەیەدان بۆ پاراستنی جۆری باڵندەکە لە لەناوچوون.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسی ڕۆیتەرز وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG