Accessibility links

کێشمەکێشی نێوان سەدر و هێزە شیعیەکان دۆخی عێراقی ئاڵۆزکردووە


شاری بەغدای پایتەختی عێراق شەوێکی تەواو ئاڵۆزی بەڕێکرد، کە بەهۆی هێرشی خۆپیشاندەرانی لایەنگرانی هێزە شیعیەکان بۆ سەر ناوچەی سەوز و ڕێگری لێکردنیان لەلایەن هێزە عێراقیەکان، ژمارەیەک خۆپیشاندەر و هێزی ئەمنی کوژران و برینداربوون.

خۆپیشاندەران ئەنجامی هەڵبژاردنیان ڕەتدەکردەوە و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد پرۆسەکە پڕبووە لە ساختەکاری، لەکاتێکدا بەشێک لە هێزە شیعیەکان لەهەڵبژاردن دا شکستیان خواردووە و کۆمیسیۆنیش ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن دەکات.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق پێیوایە، هۆکاری گرژیەکانی بەغدا ڕوونن، پەرچەکردارن بەرانبەر جم و جۆڵە خێراکانی موقتەدا سەدر و کۆبوونەوەی لەگەڵ حەلبوسی و پارتی بۆ دروستکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و پێکهێنانی حکومەت، وتی"سەدر دەیەوێت عەمار حەکیم و عەبادیش لە مالکی و فەتح دابڕێت، حکومەت پێکبهێنێت و مالیکی و عامری ببنە ئۆپۆزسیۆن."

ڕوونیشیکردەوە، جوڵەکانی سەدر جدی بوون، بەتایبەت جیاواز لە ڕابردوو، ئەمجارە خۆی سەرپەرشتی دانوستانەکان دەکات و ڕاستەوخۆ هاتووەتە نێو مەسەلەکەوە، وتی"ئەم جوڵانەی سەدر، فەتح و مالکی ترساندووە، بۆیە پەلاماری ناوچەی سەوزیان دا، تا گفتووگۆکان ڕابگرن و خۆشیان ببنە بەشێک لە یاریەکە."

خۆپیشاندەرانی لایەنگرانی هێزە شیعیەکان ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوە، پرۆسەکە بە پڕ لە ساختەکاری وەسف دەکەن، بەرپرسانی هێزە شیعیەکانیش هۆشداری دەدەنە کازمی لەبەرانبەر هەڵوێستی هێزە ئەمنیەکان و توندوتیژی نواندن بەرانبەر خۆپیشاندەران.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە ڕووداوەکانی بەغدا کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئاڵۆزیەکان پەیامن بۆ سەدر بەوەی ناتوانێت بەتەنها حکومەت پێکبهێنێت، پەیامیشن بۆ ئەو لایەنانەی لەگەڵی دانوستان دەکەن، چونکە هێزە شیعیەکان توڕەن لە بانگەشەکانی سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی."

جەختیشیکردەوە"بەشێکی تری ئاڵۆزیەکان بۆ ڕێگریکردنە لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، چونکە گەر کۆمیسیۆن ئەنجامەکان ڕابگەیەنێت، دەبێتە ئەمری واقیع."

چاودێران پێیانوایە ڕێبەری ڕەوتی سەدر گرژیەکانی بەغدای بەهەند وەرگرتووە، بۆیە دوور نیە لە جم و جۆڵەکانی ڕابوەستێت و هەوڵی دانوستان لەگەڵ هێزە شیعیە ناڕازیەکان بدات، بەتایبەت گەر ئاڵۆزیەکان بەردەوام بن.

هۆشیار عەبدوڵا ڕوونیکردەوە، جێهێشتنی بەغدا لەلایەن سەدرەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی مەترسیەکانی بەجدی وەرگرتووە، وتی"جیا لە ڕاگرتنی سەدر لەدانوستان، هێزە شیعیەکان دەیانەوێت کازمیش تۆمەتبار بکەن و چانسی دانانەوەی لە پۆستەکەی نەهێڵن."

هەرچەندە ناکۆکی نێوان هێزە شیعیەکان و کوتلەی سەدری گەیشتووەتە لێواری ئاڵۆزی، بەڵام دروستبوونی پێکدادان لەنێوانیان بە ئەستەم دەزانرێت، بەو پێیەی مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق و ئێرانیش دژی ڕوودانی پێکدادانن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:32 0:00


XS
SM
MD
LG