Accessibility links

وردەکاریی هەوڵی کوشتنی سەرەک وەزیری عێراق


سەرەک وەزیری عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەک دەکات لەگەڵ دەستەی ئاسایشی نیشتمانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ تاووتوێکردنی ڕەهەندەکانی ئەو هەوڵە سەرنەگرتووەی بۆ کوژرانی سەرەک وەزیر درا.

موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق، لەو کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا، پەیمانی دەستگیرکردن و دادگاییکردنی ئەوانەی داوە کە دەستیان لەو هەوڵەدا هەبووە بۆ کوشتنی.

ئەلکازمی، زوویەکی ئەمڕۆ یەکشەممە لە هەوڵێکی کوشتن ڕزگاری بوو، ئەو هەوڵە لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە بۆمب چێنراوەوە درابوو و نێردرابووە سەر ماڵەکەی لە ناوچەی سەوز لە بەغدا.

2 کاربەدەستی عێراقی بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسیۆسێتد پرێسیان ڕاگەیاندووە، 7 پاسەوانی ئەلکازمی لەو هەوڵە سەرنەگرتووەدا بریندارن، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاسایشی بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئەو هێرشە بۆتە مایەی برینداربوونێکی سوکی دووان لە پاسەوانەکانی سەرەک وەزیری عێراق.

دەستەی ئاسایشی نیشتمانی ئەنجومەنی وەزیران، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "ئەو دەستدرێژییە تێرۆریستانە ترسنۆکانەی شەوی ڕابردوو کرایە سەر ماڵی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران "سەرکردەی هێزە لەشکرییەکانی عێراق" بە مەبەستی کوشتنی موستەفا ئەلکازمی، ئامانجگرتنێکی ترسناکی دەوڵەتی عێراقە لەلایەن دەستە و تاقمە چەکدارە تاوانکارەکانەوە."

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژەش بەوە کراوە هێزە عێراقییەکان، وڵاتەکە و سەروەریی وڵاتەکەش دەپارێزن لە هەموو ئەوانەی بەرەنگاری دەوڵەتی عێراق دەبنەوە و دەشڵێت "هێزە ئاسایشییەکان ئەرکی نیشتمانیانەی خۆیان بەجێدەگەیەنن وەک چۆن هاوکاتی ساڵەکانی شەڕی دژی تێرۆر دەیانکرد و سەرکەوتن بەسەر تێرۆریزمدا. هێزە ئاسایشییەکانمان کار لەسەر دۆزینەوەی ئەو لایەنانە دەکەن کە تێوەگلاون لەو کارە تێرۆریستییە و دەدرێنە دادگا."

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە "ئەوەی وەها تێدەگات دەستی هێزە ئاسایشیەکانمان نایانگاتێ، خەیاڵیان خاوە و هیچ کەسێک گەورە نییە لەبەردەم یاسادا، هیچ کەسێکی نابێتە گەورە بەسەر عێراقەوە."

ئەمەریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانێتی ناتۆ و وڵاتانی تر و هەروەهاش زۆرێک لە لایەنە عێراقییەکان نارەزاییان دەربڕیوە بەرامبەر ئەو هەوڵەی بۆ کوشتنی سەرەک وەزیری عێراق دراوە.

سەرچاوەیەکی ئاسایشی باسی لە ڕووداوەکە کردووە بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێس و دەڵێت "بە 3 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەوڵی کوژرانی موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق دراوە و هێزی پاسەوانی ئەلکازمی توانیویانە دووانیان تێکبشکێنن و سێهەمیشیان تەقیوەتەوە و زیانی بە ماڵی سەرەک وەزیر گەیاندووە."

سەرچاوە ئاسایشییەکان دەشڵێن، موشەکێکیان لە سەربانی ماڵەکەی موستەفا ئەلکازمیدا دۆزیوەتەوە، وەک دەڵێن "پێدەچێت لە یەکێک لە درۆنەکان کەوتبێتە خوارەوە و نەتەقیوەتەوە."

سەرچاوەیەکی تری ئاسایشی ڕایگەیاندووە "ئەو 3 درۆنە لە بەری ئەوبەری ڕووباری دیجلەوە هەڵدراون لە نزیک پردی کۆمارییەوە کە دەکەوێتە بەرامبەر ناوچەی سەوز لە بەغدا."

ئەو شوێنەش بەرامبەر ناوچەی سەوز، بۆتە شوێنی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی 10ی مانگی 10.

لە ئاکامی پێکدادانی خۆپیشاندەران لەگەڵ هێزە ئاسایشییەکاندا، بەلانیکەم یەک خۆپیشاندەر کوژراوە و نزیکەی 125 کەسیش بریندارن.

لایەنەکانی نوێنەرایەتی سیاسیانەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەن، ئەوانەی سەر بە ئێرانن و تێکەڵ بە لەشکری عێراق نەبوون، ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنیان ڕەتکردۆتەوە، چونکە ژمارەی کورسیەکانیان لە پەرلەماندا کەمی کردووە.

ئەو هێرشانەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکرێن لە عێراقدا، بوونەتە جێی نیگەرانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا بۆ لەناوبردنی جیهادییەکان، چونکە ئەو جۆرە فڕۆکانە دەتواننلەو سیستەمی بەرگرییەی لە جۆری "سی-ڕام"ە خۆیان لابدەن.

XS
SM
MD
LG