Accessibility links

هێرشکردنە سەر ماڵی مستەفا کازمی کێشمەکێشە نێوخۆییەکانی عێراق قوڵتر دەکاتەوە


هێرشکردنە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە فرۆکەی بێفرۆکەوان و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی، کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە، بەرپرسانی عێراقیش جەخت لەسەرچڕکردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی هێرشبەرەکان دەکەنەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەمە، بە 3 فرۆکەی بێفرۆکەوان هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە شاری بەغدا، هێرشەکان هەرچەندە زیانی گیانی بەدواوە نەبوو، بەڵام لەڕووی نێودەوڵەتی و نێوخۆییەوە کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە.


بەئامانج کردنی ماڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی لایەنە شیعیەکان دێت، کە لەسەر کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک خۆپیشاندەر، هەندێک لەبەرپرسانی هێزە شیعیەکان هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان لەکازمی کردبوو.

حەمدی گلی، شارەزای بواری ئاسایشی نەتەوەیی پێیوایە، هێرشەکەی سەر ماڵی کازمی پەیامی لە پشتەوەبووە، پەیامەکەش هی هێزە شیعیەکانە، لەو ڕێگەیەوە پەیامی بەهێزی و مانەوەیان بە حکومەت و ئەمەریکا گەیاند، بەوەی هیچ هێزێک ناتوانێت بیانسڕێتەوە.

ناوبراو دەڵێت "ململانێکە ئێستا لەنێو ماڵی شیعەدایە، کێشمەکێشەکە قورسە لەنێوان شیعەی نەتەوەیی و شیعەی وەلائی."

سەرەتای خۆپیشاندان و کێشمەکێشەکان لەدوای جوڵەکانی موقتەدا سەدر دەستیانپێکرد، کە دەیویست لەگەڵ حەلبوسی و پارتی بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی ڕێکبکەوێت، بەڵام هێزە شیعەکان لەڕێگەی جوڵاندنی شەقامەوە، پەیامی قەبوڵ نەکردنی پەراوێزخستنیان گەیاند.

هەرچەندە خۆپیشاندانەکان دژی جوڵەکانی سەدر ئەنجامدران، بەڵام کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک خۆپیشاندەر، هێزە شیعەکانی لە کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق توڕەکرد،ئەوان پێیانوایە کازمی هۆکاری لەقاڵبدانی پێگەی ئەوانە.

حەمدی گلی، شارەزای بواری ئاسایشی نەتەوەیی ڕوونیکردەوە، کازمی هەوڵدەدات عێراق بخاتە سەر ڕێچکەی خۆی و لە ژێر کۆنترۆڵی وڵاتان دەریبهێنێت، ئەو وڵاتانەش لەنێوخۆیی عێراق خاوەن هێز و پێگەن و قەبوڵی ناکەن، دەڵێت"جوڵەی کازمی بۆ سڕینەوە و لاوازکردنی میلیشیاکانە، بۆیە ئەوان لەکازمی توڕەن."

دوای هێرشکردنە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان، زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتی ئیدانەی هێرشەکەیان کرد، ئێران و بەشێک لە هێزە شیعیەکانیش وێڕای ڕەخنەگرتن لە هێرشەکە، گومانی خۆیان نەشاردەوە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕووداوەکانی بەغدا کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"هێزە شیعەکان کە لە ئەنجامی هەڵبژاردن ناڕازین، هەم لە جوڵەکانی سەدر نیگەرانن، هەمیشە لە کازمی ناڕازین."

بەوتەی سەرچاوەکە، لەنێو بەرپرسانی عێراق دا وا لێکدەدرێتەوە، هێزە شیعەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کێشمەکێشەکان پێکهێنانی حکومەت دوادەخەن، تا حکومەتیش دوا بکەوێت، مانەوەی کازمی لە زەرەری ئەوانە، بۆیە هۆکاری هێرشەکە بۆ ئەم گومانانە دەگێڕدرێتەوە.

هەرچەندە هێرشکراوەتە سەر ماڵی مستەفا کازمی، بەڵام پەیام بەهەندێک هێزی کوردیش دراوە کە نەچنە نێو هیچ هاوپەیمانێتیەکەوە و چاوەڕێ بکەن، بۆیە بەڕای چاودێران پەیامەکە تەنها بۆ کازمی و سەدر نیە، بەڵکو بۆ کورد و سونەشە، تا نەبنە بەشێک لە کێشەی نێوماڵی شیعی.

حەمدی گلی، بەپێویستی دەزانێت کورد بێلایەن بێت و نەبێتە بەشێک لەکێشەی نێوخۆی شیعە، وتی"کورد دەبێت بەوریاییەوە مامەڵە بکات."

بەڕای چاودێران هێزە شیعەکان ڕازی نین بە مانەوەی کازمی لە پۆستەکەی، بۆیە لەکاتی ئاڵۆزیەکانی بەغدا بە کوشتنی خۆپیشاندەران تۆمەتباریان کرد، ئەمە هەمان ئەو تۆمەتەیە کە پێش کازمی، عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆک وەزیران پێی دوورخرایەوە.

دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا زانیاری زیاتری لایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:09 0:00



XS
SM
MD
LG