دەکرێت بگوترێت زۆربەی ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەدان کە هەوڵە سەرنەگرتووەکەی ڕۆژی یەکشەممە درا بۆ کوشتنی سەرەک وەزیری عێراق، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە هەڵبژاردنەکەی 10ی مانگی 10وە.
ئەو ئاماژانەش ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەخۆ باس لە تێوەگلانی بەلانیکەم یەک لایەنی شیعە دەکەن، کە باڵێکی سیاسی هێزەکانی حەشدی شەعبییە.
ئەو ڕۆژەی ئەو هەوڵە سەرنەگرتووەی تیادا درا، ئەنجامی فەرمی و کۆتایی هەڵبژاردنەکەش ڕانەگەیەندرابوو، کە لایەنە شیعەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران یانیش نزیک لە تارانەوە، وەک لە ئەنجامە بەراییەکانەوە دەرکەوت، بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەماندا کەمی کردووە.
دکتۆر نزار حەیدەر، بەڕێوبەری نێوەندی میدیای عێراقی لە ئەمەریکا؛
*دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن هەوڵدەدەن بەهەر شێوەیەک بێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگۆڕن، چونکە نایانەوێت لە دەرەوەی دەسەڵاتدا بن.
*لەگەڵ خۆپیشاندانەکانیاندا لایەنە دۆڕاوەکان دەستیان کرد بە هەڕەشە کردن لە فەرمانڕەوایانی عێراق.
*ڕەوشەکە وەها دەخوازێت زۆرینەیەکی نیشتمانی پێکبهێنرێت لەگەڵ موقتەدا ئەلسەدردا.
*دەبێت حکومەتی عێراق ڕاشکاوانە ناوی ئەو کەس و لایەنانە ئاشکرا بکات و ناوی ئەوانەش کە لە پشت هێرشەکەی یەکشەممەوە بوون، ئەگەر ئاشکرا نەکرێن ئەوا بە دور نازانرێت ئەو جۆرە هێرشانە بەردەوام بن.
دکتۆر زوهێر کازم عەبود، پسپۆڕی یاسایی و سیاسی؛
*ئەوەی ئەو هێرشەی کردە سەر ماڵی سەرەک وەزیری عێراق، یان گەمژە بووە، یانیش ویستویەتی هەموودەستکەوتەکان بۆ بونیاتنانی دەوڵەتی دەستور و یاسا لەناوبەرێت.
*ئەو هێرشەی کرایە سەر ماڵی سەرەک وەزیر، کاریگەری دەبێت بەسەر دانوستاندنەکانی دەکرێن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
*هەندێک لایەنی شیعە لە ڕاستییەکانی ناو دەستور تێناگەن یان نایانەوێت تێبگەن.
*هۆکار هەن وەها دەکەن ئێران و تورکیا و قەتەر و ئەمەریکاش کاریگەرییان هەبێت لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
زۆرێک لە چاودێر دەڵێن، ئەگەر درۆنەکان ئاوەها بە ئازادی بە ئاسمانی بەغدا و شوێنەکانی تردا بفڕن، ئەوا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەبێتە خاوەنی بڕیاری چارەنوسساز بۆ عێراقی بە شەڕ وێرانبوو.
لەسەر بنچینەی وتووێژەکانی لەگەڵ دکتۆر نزار حەیدەر، بەڕێوبەری نێوەندی میدیای عێراقی لە ئەمەریکا و دکتۆر زوهێر کازم عەبود، پسپۆڕی یاسایی و سیاسی، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە.