کۆچکردن بەشێکی پرۆسەی مانەوەیە لە ژیاندا و لەوەتای ژیانی مرۆڤیش لەسەر ئەم هەسارەیە دەستیپێکردووە، کۆچکردن هەبووە و هۆکارەکانیشی جۆراوجۆرن و بەپێی قۆناغەکانی ژیان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.
لە سەدەی ڕابردوو و ئەم سەدەی بیست و یەکەشدا، ژمارەیەک هۆکاری سەرەکی هەن کە دەشێت وەک هۆکاری ڕاستەوخۆی دیاردەی کۆچکردن لێیان بڕوانرێت، لەوانە ڕەوشی ئابوری لەو جوفرافیایەی کۆچبەر تیایدا ژیاوە؛ هەژاری و نەداری و بێکاری و بێ موچەیی پاڵنەری سەرەکین. هۆکارێکی تریش دۆسێکانی تایبەتن بە سەرکوتکردنی خەڵکەوە لە وڵاتان و ناوچەکانیشدا؛ دەستدرێژیکردن و پێشێلکردنی مافەکان، سوکایەتیپێکردن و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەروونی و هتد، دەبنە پانتایی زەمینەی بڕیاردان بۆ جێهێشتنی نیشتمان.
خۆ دەربازکردن و ڕزگارکردن لەو شەڕ و ئاشوب و شەڕانگێزیانەی وڵاتان و ناوچەکانیش کە لەسەر پاراستنی دەسەڵاتن و کاریگەرییەکان و جێگیرکردنی سیستەمی خۆسەپاندن، هۆکارێکی ترە بۆ شەپۆلی کۆچبەران بەرەو ئەو وڵاتانەی بەهای مرۆڤ و سەروەریی یاسا لە سەرو هەموو پێوانەکانەوە دادەنرێن.
هەر یەکێک لەو هۆکارانەی کۆچکردن، بەشدارییەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆی هەیە لە دۆسێی کاڵبوونەوەی نیشتماندا لە هزری کۆچبەر و تەنانەت ئەوانەش کە هەوڵی بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی دەدەن.
میوانی بەرنامە:
هونەر حاجی جاسم، پسپۆڕی سیاسی
لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ژمارەیەکی زۆری کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراق کۆچیان کرد بەرەو ئەوروپا، هۆکارەکانی ئەو شەپۆلی کۆچکردنەش بریتی بوون لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران، سەرکوتکردنەکانی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەین دەیکردن و هەروەهاش سیاسەتی بەرتەسک کردنەوەی تەواوەتی ئابوری و دارایی بەتایبەتیش دژ بە کورد لە عێراقدا.
وەک سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەیان پێکردووە، نزیکەی 5 هەزار کۆچبەر لەسەر سنوری نێوان بێلاڕوس و پۆڵەندا گیریان خواردووە و زۆربەی ئەو کۆچبەرانەش کوردن و خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراقن.
تۆڕەکانی سۆشیال میدیا پڕن لە ڤیدیۆ و وێنەوە بانگەوازی ئەو خەڵکەی بەشوێن ژیانێکی باشتر و ئاسودەییدا دەگەڕێن.
ئەو دیمەنانەی دەبینرێن لەسەر سنوری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕوس لە پەیوەندی بە کۆچبەرانی کوردەوە، جارێکی تریش ژمارەیەک پرسیاری ڕژدیان دروستکردووە، لەوانە؛ ئەو هەرێمەی کوردستانی عێراق، تا ئەندازەیەکی زۆر کەم قۆناغی شەڕی ناوخۆی تێپەڕاندووە، شەڕی دژی تێرۆریزمی دەوڵەتی ئیسلامی کۆتاییپێهاتووە، هەرێمی کوردستان خاوەنی سامانێکی زۆری سروشتییە، بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتاندا و بەتایبەتیش تورکیا و ئێران زەبەلاحن، باڵەخانەکان هەڵکشاون، ئەی کەواتە ئەو خەڵکە بۆچی بڕیاری کۆچکردن دەدەن و بەڕێی قاچاغدا سنوری وڵاتەکان دەبڕن و مەترسی گەورەش لەسەر ژیانی خۆیان دروست دەکەن؟
ئایا کۆچکردن چارەسەرە؟
ئایا متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵات چەندێک کاریگەری لەسەر کۆچکردن هەیە؟
هاوکاتی کۆچکردنی زۆر کەس لە هەرێمی کوردستانەوە، شەپۆلێکی تری کۆچکردن هەیە بۆ هەرێمی کوردستان بەمەبەستی بەدەستهێنانی کارکردن، دەرهاوێشتەی ئەم دیاردەیە چییە و چۆنە؟
هونەر حاجی جاسم، پسپۆڕی سیاسی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە.