کۆچی کوردانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی بێلاڕوس بەرەو ئەوروپاو سنووری وڵاتی پۆڵەندا، بووەتە بابەتێکی هەنوکەیی میدیاکانی جیهان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەتی ئەم کۆچە بەلێشاوە کە ژمارەیان بە هەزاران کەس دەبێت، گەنج و پیرو منداڵ و هەموو تەمەنێکی تێدایە. کۆچ کردنەکەش لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقەوەیە، کە بەردەوام سیاسییەکانی وەها وێنایان کردووە کە هەرێمە فیدڕاڵەکەیان لە چاو عێڕاق بەراورد ناکرێت لە رووی ئاوەدانی و خزمەت گوزاری و بواری ترەوە.
کۆچبەرەکان کە تادێت ژمارەیان زۆرتر دەبێت، لە سنووری وڵاتی پۆڵەندا گیریان خواردووە و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، رێگا نادەن بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بڕۆن، مانەوەشیان لەو جەنگەڵە ولەو سەرمایە، بەبێ بوونی خۆراک و پێداویستییەکان روبەڕووی دژواری و ناڕەحەتی زۆر بوونەتەوە، بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی خۆیان یان میدیای تر بڵاویان کردووەتەوە، ژیانیان لە مەترسیدایە.
لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی پاپای قاتیکان هاتۆتە دەنگو داوای لە پۆڵەندا کردووە، سنوورەکەی بە رووی کۆچبەراندا بکاتەوە، هەروەها چەند شارێکی ئەڵمانیاش وەک بڵاو بووەتەوە ئامادەییان نیشان داوە کە وەریان بگرن، بەڵام دۆخەکە هێشتا وەکو خۆیەتی و لێشاوی هاتنی کۆچبەریش بەردەوامی هەیەو نەوەستاوە.
هەرچی هەرێمی کوردستانیشە هەندێک لە سیاسییە باڵاکانیان لێدوانیان لە بارەی ئەو کۆچەوە داوە، وەک وروژاندنی هەستی نیشتیمانی و خۆشەویستی خاک، هەروەها پەرلەمانەکەشی بڕیاری داوە کە لێژنەی پەیوەندییەکانیان کە 12 پەرلەمانتارە، رەوانەی ئەو سنوورە بکات، تاوەکو لە نزیکەوە لە کۆچبەرەکان و گیروگرفتەکانیان بگەن. بەپێی زانیارییەکانی ئەندام پەرلەمانێک، هێشتا فیزەیان وەرنەگرتووەو روونیش نییە کە هەر 12 ئەندامەکە دەچنە ئەو سنوورە یاخود ژمارەیەکیان. لە لایەکی تریشەوە لە وتوێژێکی دەنگی ئەمەریکا نوێنەری هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا رای گەیاندووە کە ئەو کۆچبەرانە ناو و نێوبانگی هەرێمی کوردستانیان ناشرین کردووە. لەبەرامبەر ئەو بۆچوونە و دابەش بوونی بیرو ڕای خەڵکیش، لەم بەرنامەیەی هەلەو واشنتن کە چوار میوان بەشداریان کردووە، رەگەز کەمال رێکخەری رێکخراوی 17 ی شوبات بنکە لە ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ یەکێکە لەو بەرێزانە، رەگەز وەک خۆی دەڵێت "یەکەم رێکخراوی کوردی بووە لەگەڵ تۆری رێکخراوەکانی تری پۆڵەندا سەردانی کۆچبەرەکانی کردووە، باس لەوە دەکات کە نوێنەرایەتی حکومەت لەو وڵاتە پۆڵەندا، یەک کۆمەکی پێشکەش بەو کۆچبەرانە نەکردووە، لە کاتێکدا رێکخراوە بیانییەکان بەردەوامن لە کۆمەک کردن و بەهانا چونیان، هێشتا کۆچبەرەکانی گلەیی باریش کردووە".
یەکێک لە میوانەکانی بەرنامەی هەلەو واشنتن کۆچبەرێکی لاوە بەناوی هێرش حسین کە خەڵکی رانییەیە، لە وتەکانی ئەم گەنجەوە رادەی بێزاری گەنج لەو دەسەڵاتە لۆکاڵییەی هەرێمەکە دەردەخات، هێرش حوسێن دەڵێت "لە کوردستان هەر رۆژەو مردنێکە، یەک جار بمری باشترە، لە کوردستان نەکار هەیە نە پارە، نە ژیان و نە خۆشییەک، ئێمەی گەنج هیچ داهاتویەکمان نییە، دڵم بەچی کوردستان خۆش بکەم، کوردستان بۆ دەوڵەمەند و بەرپرس و منداڵەکانیانە، بەخوا لەو رێگەیەدا بشمرم ناگەڕێمەوە کوردستان".
رەگەز کەمال لە بەرنامەکەی هەلەو واشنتندا، رۆڵی هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتێیەکەی لە پۆڵەندا بە کەم تەرخەم ناودەبات، لەو بارەیەوە دەڵیت "دەبوو نوێنەرایەتی حکومەت هەستایە بەو کارەی ئێمە کردومانە، ئێمە زانیاریمان لەوان وەرگرتایە، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەوان زانیاری لە رێکخراوە پۆڵەندیەکان و ئێمەش وەردەگرن، تا ئێستا هیچ هاوکارییەکیان پێشکەش بە کۆچبەرەکان نەکردووە نەبەخواردن و خواردنەوە نە بە خزمەتگوزاری دیکە، سەرەڕای ئەوە لە میدیاکانەوە قسەی نەشیاویان بە کۆچبەرەکان ووتووە".
لەبەرنامەکەی هەلەو واشنتن بەڕێزان دکتۆر سەردار عەزیز وەک لێکۆڵەرەوەیەک، هەروەها ئاری هەرسین ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریان کردووە، هەرسین پێی وایە کۆچ کردن دیاریدەیەکی جیهانییەو کوردستانیش لیی بێبەش نییە، بەڵام ئەو پێی وایە، " کەسێک وەک خۆی، بڕیارێکی تاکە کەسی داوە، ئەو باسە نە بەستێتەوە بە دۆخی گشتی هەرێمەکەوە، هەروەها ئەو بژارەیە نەکاتە بابەتێکی سیاسی ئاڵۆزو باسی ئەوە بکات بە هۆی ئەوەوە هەڵهاتووە". سەبارەت بەو کەم و کورتیانەی لە هەرێمەکەشدا هەیەو توێژی گەنجان بێکارن، هەروەها ژیانی بەرپرسە سیاسی و ماڵو منداڵیان لە چاو خەڵکی تردا مایەی بەراورد کردن نییە، هەرسین دەڵێت "عەمری ئەو بەرپرسە سیاسیانە نەمێنێت ناوی خۆی ناوە سیاسەت مەدارو منداڵەکەی ئەوەندە بێ لەزەت پەروەردە کردووە، لە لۆکە گەورەی دەکات و سەیارەی گران بەهای بۆ دەکڕێت، لە ناو کوردستان دیاردەیەکی قێزەون دروست بووە کە ناوی بازرگانی سیاسییە، ئینسان کە سیاسەتی کرد بۆ بیروباوەڕیکی تایبەت بۆ خولیایەک بۆ خەونێک دەیکات، نەک لەبەر خاتری پڕکردنی گیرفان وبەرژەوەندی خۆی و خێزانەکەی".
دکتۆر سەردار عەزیز لە لاپەرەی تایبەتی خۆی لەسەر کۆچ و مەسەلەی ئابووری سیاسی وتارێکی بڵاوکردبۆوە، لە بەرنامەکەشدا باس لەوە دەکات ناکرێ بەوەی کە کەسێک کۆچ بژاردە دەکات پێی بوترێت نیشتیمانی خۆی خۆش ناوێت، لەو بارەیەوە دەڵێت "خەڵک لە کوردستان دڵنیا نییە لەو داهاتەی کە ئێستا هەیەتی، ئایا بەردەوام دەبێت؟ دڵنیا نییە لە سیستمی ئابوری داهاتووی کوردستان، سیستمی ئابوری کوردستانیش دەمێکە بە بونبەست گەیشتووە، بەوەی ناتوانێت ئەو خەڵکەی کە 7 ساڵێکە زانکۆیان تەواو کردووە، کاریان پی بدات ودایانمەزرێنێت، کەرتی گشتی بەتەواوەتی پر بووە، نەشیان توانیوە بواری دیکە بدۆزنەوە تاوەکو خەڵک بتوانێت کاری دەست بکەوێت، لەگەڵ ئەوەی گەنج لە هەرێمەکە بێکارن، بەڵام بە ئاگاشن لەوەی کە دەکرێ دەرفەت هەبێت، ئەگەر سامان و داهاتی کوردستان دادپەروەرانە دابەش بکرێت، دەشزانن دەرفەتی وەها لەم سەدەم و تەمەنەدا ناخوڵقێت، لەبەر ئەوە کۆچ دەبێتە بژارەیەک".