کوڕی موعەمەر قەزافی، دیکتاتۆری پێشووی لیبیا ناوی خۆی تۆمار کردووە تا ببێتە یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی لەهەڵبژاردنەکەی مانگی 12ی ئەمساڵی ئەو وڵاتەدا.
سەیفولئیسلام قەزافی، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەمڕۆ یەکشەممەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە لیبیا، داواکاری خۆی خستۆتە بەردەم کۆمیسیۆن.
لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژەش بەوە کراوە "سەیفولئیسلام، هەموو مەرجە یاساییەکانی خۆی تەواو کردووە و ناسنامەی تۆمارکردنی دەنگدەریشی پێدراوە لە ناوچەی سەبها."
ڕۆژی 24ی مانگی 12 یەکەم گەڕی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بۆ سەرۆکایەتی لیبیا دەکرێت بەپێی ئەو پرۆسەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی پار دەستیپێکرد بۆ کۆتایهێنان بەو ئاژاوەگێڕی و توندوتیژیانەی لە ساڵی 2011وە سەریانهەڵداوە پاش ڕوخاندنی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی موعەمەر قەزافی.
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکان لە لیبیا دەستیپێکرد.
لە مانگی 7ی ڕابردوودا، سەیفولئیسلام قەزافی دەرکەوتەوە، پاش ئەوەی چەند ساڵێک دیارنەبوو.
سەیفولئیسلام، بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاندبوو بەرنامەی هەن تا وەک سیاسییەک بگەڕێتەوە.
لەو وتووێژەیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا، سەیفولئیسلام، تەمەن 49 ساڵ، دەڵێت "دەخوازم یەکپارچەیی خاکی لیبیا بگێڕمەوە."
ئەم کوڕەی موعەمەر قەزافی، لەلایەن دادگای تاوانی نێونەتەوەییەوە لە لاهای داواکراوە لەسەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر مرۆڤایەتی کردوونی.