2 بومەلەرزەی بەهێز لە ماوەی یەک کاتژمێردا لە باشوری ئێران دەدات و بەلایکەم کەسێک لە ئاکامی ئەو بومەلەرزانە مردووە و هەروەها ترس و نتگەرانییەکی زۆریشی لەناو خەڵکدا هێناوەتە ئاراوە.
بومەلەرزەی یەکەم بە هێزی 6.4 و ئەوی دووهەمیشیان بە هێزی 6.3 بووە بە پێوانەی ڕێختەر و هەردوو بوومەلەرزەکەش لە ڕووبەرێکی 15 کیلۆمەتر دووجادا ڕوویانداوە لە پارێزگای هورموزگان، بەپێی نێوەندی پێوانەکردنی بومەلەرزەکان لە ئێران.
ڕێکخراوی مانگی سووری ئێران دەڵێت "ئەو پیاوەی کە مردووە تەمەنی 22 ساڵ بووە و لە ئاکامی کەوتنی ستونێکی ئەلیکتریدا بەسەریدا، گیانی لەدەستداوە."
ئەم ڕێکخراوە دەشڵێت، تیمەکانی لە شوێنی ڕوودانی بومەلەرزەکاندان و هەوڵی مەزەندەکردنی زیانەکان دەدەن.
دیمەنە ڤیدیۆییەکان نیشانی دەدەن ماشێنە بارهەڵگرەکان لە ڕۆخی شەقامەکاندا وەستاون. لە شاری بەندەر عەباس، پایتەختی پارێزگای هورموزگان، دیواری ژمارەیەک خانوبەرە داڕماون و عەزیزوڵا کۆناری، پارێزگاریش دەڵێت بومەلەرزەکان درێژەیان کێشا و ترس و دڵەڕاوکێیان لەناو خەڵکدا دروستکرد.
نێوەندی ژیۆلۆژی ئەمەریکا دەڵێت هێزی بومەلەرزەکان، 6 و هەروەهاش 6.3 بوون.
ئێران لەسەر هێڵێکی بەهێزی بومەلەرزەیە.
لە ساڵی 1990دا، بومەلەرزەیەک بە هێزی 7.4 لە باکوری وڵاتەکەی دا و نزیکەی 40 هەزار کەس مردن، ئەمەش بە بەهێزترین بومەلەرزە دادەنرێت لە ئێرانی دابێت.