ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی لە ئەمریکا- ئەریزۆنا لە ڕێگەی دیدارێکەوە لەگەڵ کەس و کاری منداڵە ونبووەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە دواداچوون بۆکەیسەکە دەکات و وەک دەڵێت لەڕێگەی سەرۆکی ڕێکخراوەکەوە ڕاسپاردەکانی دیدارەکە دەگەیەننە نوسینگەی سەرۆکی ئەمریکا و دەبنە پارێزەری کەیسەکە بۆ دۆزینەوەی منداڵەکان.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی لە ئەمریکا ئەریزۆنا، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە دیدارێکی بە ناونیشانی چارەنوسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە ڕێکخست و بڕیارە کۆی ڕاسپاردە و داواکاریەکانی دیدارەکە بگەیەنن بە نوسینگەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا. پارێزەری کەیسی منداڵە ونبووەکانیش دەڵێت ساڵێک و شەش مانگە مەوادی پشکنینی دی ئێن ئەی لە کوردستان و عێراقیش نەماوە بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکە .سەید سەلاح باخچەیی، ئەندامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی لە ئەمریکا- ئەریزۆنا لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" سەرەنجامی دانیشتەکە دەگەیەنن بە سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی، بڕیارمانداوە ببین بە پارێزەری و ڕاسپاردەکانیش دەگەیەنینە سەرۆکی ئەمریکا".
لوقمان عەبدالقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدابە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند "داوا لە وڵاتە پێشکەوتووەکان دەکەین وەک کەیسێکی مرڤایەتی بەدەنگمانەوە بێن بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی کەیسی منداڵە ونبووەکان."
باخان فاتیح، پارێزەری کەیسی منداڵە ونبوەکان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند "ماوەی ساڵێک و شەش مانگە مەوادی پشکنینی دی ئێن ئەی لە کوردستان نەماوە، کە ناتوانین پشکنین بکەین".
بە پێی ئامارەکان کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە 370 منداڵ لە کیمیبارانی هەڵەبجە ونبوون و دراون بە خانەکانی بێسەرپەرشتان لە ئێران، لە ئێستادا بە هۆی نەبوونی پڕۆژە یاسایەکەوە بۆ هێنانەوەی منداڵەکان وبە ڕێکردنی کارەکانیان بە شێوەیەکی یاسایی، کەیسی منداڵە ونبووەکان لە دادگای هەڵەبجە داخراوە، ئەو کەسانەس کە دەڵێن منداڵی هەڵەبجەیین و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بووەتە گرفت لەبەردەمیاندا.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە.