Accessibility links

سەرۆکی بێلاڕوس: بە فڕۆکەی خۆمان، کۆچبەرەکان دەنێرین بۆ میونخ، ئەگەر پێویست بکات


سەرۆکی بێلاڕوس دەڵێت وڵاتەکەی لە کاردایە بۆ گەڕاندنەوەی هەزاران کۆچبەر کە زۆربەیان خەڵکی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن و لەسەر سنوری پۆڵەندا، ئەندامی یەکێتی ئەوروپادا، گردبوونەتەوە.

کۆچبەران لەسەر سنوری بێلاڕوس و پۆڵەندا
کۆچبەران لەسەر سنوری بێلاڕوس و پۆڵەندا


ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی بێلاروس لە زاری ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆوە دەڵێت "چالاکانە کار لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە دەکرێت تا قەناعەت بکەن و تکایە بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆتان، بەڵام کەسیان نایانەوێت بگەڕێنەوە."

لۆکاشینکۆ، لە لێدوانەکانی ئەمڕۆ دووشەممەیدا ئاماژەیشی کردووە بەوەی بێلاڕوس دەتوانێت بە فڕۆکەکانی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی بێلاڤیا کە سەر بە دەوڵەتە، کۆچبەرەکان بگوێزێتەوە بۆ ئەڵمانیا، ئەگەر پۆڵەندا ڕێڕەوێکی مرۆیی نەکاتەوە.

لۆکاشینکۆ دەڵێت "بە فڕۆکەی خۆمان، دەیاننێرین بۆ میونخ، ئەگەر پێویست بکات."

سەرۆکی ئەم کۆمارەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو دەشڵێت بێلاڕوس نایەوێت کێشەی کۆچبەران وەربچەرخێت بۆ "قەیران" و ئەم دۆسێیەش وەک دەڵێت "زیانێکی تەواوەتی دەبێت بۆ ئێمە."

کۆچبەران لەسەر سنوری نێوان بێلاڕوس و پۆڵەندا
کۆچبەران لەسەر سنوری نێوان بێلاڕوس و پۆڵەندا


سەدان کۆچبەر بۆ چەند مانگێکە لە هەوڵی چوونە ناو وڵاتی پۆڵەندای ئەندامی یەکێتی ئەوروپادان لە بێلاڕوسەوە، بەڵام پشێوییەکان لە هەفتەی ڕابردوودا زیادیان کرد پاش ئەوەی پاسەوانانی سنوری پۆڵەندا ڕێگەیان گرت لە پەڕینەوەی کۆچبەران.

وڵاتانی ڕۆژئاوا، ڕژێمەکەی لۆکاشینکۆ گوناهبار دەکەن بەوەی کۆچبەران ڕادەکێشێتە ناو وڵاتەکەوە و دەیاننێرێت بۆ سەر سنور تا بپەڕنەوە بۆ ناو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا وەک تۆڵەیەک لەسەر ئەو سزایانەی سەپێندراونەتە سەر بێلاڕوس.

ئەو سزایانەش بەهۆی سەرکوتکردنی ئۆپزسیۆنی بێلاڕوسەوە بوون پاش هەڵبژاردنەکەی ساڵی پاری سەرۆکایەتی وڵاتەکە، و هەروەهاش بەهۆی بڕیارەکەی زوویەکی ئەمساڵیلۆکاشینکۆ بۆ ڕاگرتنی گەشتێکی هێڵی ئاسمانی ڕیانئێر، تا چالاکوانێک دەستگیربکرێت.

هێڵی ئاسمانی بێلاڤیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، ڕێگە نادرێت سوریایی و عێراقی و ئەفغانی و یەمەنییەکان لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبەوە بچن بەرەو بێلاڕوس و ئەم ڕێگەنەدانەش لەسەر داوای دوبەی بووە، پاش ئەوەی مینسک گوناهبارکرا بەوەی کۆچبەران دەهێنێتە وڵاتەکەوە تا بنێردرێن بۆ ئەوروپا.

لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ هاوڵاتیانی ئەو 4 وڵاتە کە لە ماڵپەڕەکەیدا بڵاوکراوەتەوە، بێلاڤیا دەڵێت "ڕێگە نادرێت لە دوبەیەوە سواری فڕۆکە بن بۆ بێلاڕوس، بەپێی بڕیاری لایەنە پەیوەنددارەکانی میرنشینەکان."

ئەم هەنگاوەش دوابەدوای بڕیارەکەی ڕۆژی هەینی بێلاڤیا بوو، بۆ ڕێگەگرتن لە سوریایی و عێراقی و یەمەنییەکان لەوەی بە فڕۆکە لە تورکیاوە بچنە بێلاڕوس، لەسەر داوای ئانکەرە.

XS
SM
MD
LG