نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "پێشڕەویی حوسییەکان لەنزیک بەندەری حودەیدە کە بەندەرێکی گرنگی بژێویە بۆ یەمەنییەکان و هەروەهاش پاشەکشەی عەرەبستانی سعودیە بۆتە مایەی ئاوارەبوونی زیاتر لە 6 هەزار کەس."
سەرهەڵداوانی حوسییەکان، ڕۆژی هەینی دەستیان گرت بەسەر ناوچەیەکی بەرفراواندا لە باشوری حودەیدە، کە بەندەرێکی سەرەکییە لە یەمەن و لایەنە بەشەڕچووەکانیش لە ساڵی 2018دا لەسەر ئاگربەست لەو ناوچەیەدا ڕێککەوتن، پاش کشانەوەی هێزە چەکدارە لایەنگرەکانیان.
ئۆفیسی یو ئێن بۆ ڕیکخستنی کاروباری مرۆیی کە زانیارییەکانی حکومەتی یەمەنی کردۆتە سەرچاوە دەڵێت نزیکەی 884 خێزان"6200 کەس" لە هەرێمی حودەیدە ئاوارە بوون و لە ڕاگەیەندراوەکەشیدا ئاماژەی بەوە کردووە "هیچ ئاوارەبوونێکیش لەو ناوچانەی دەستبەسەرداگرتنێکی دیفاکتۆیانەی تیادایە ڕووینەداوە." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بەو ناوچانەی حوسییەکان دەستیان بەسەردا گرتووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، پێشڕەویی حوسییەکان "دەبێتە مایەی باشتربوونی هاتوچۆی سیڤیلی" لە نێوان هەرێمەکانی حودەیدە و سەنعا و هەروەهاش بە درێژایی ئەو ڕێگەوبانانەی حودەیدە دەبەستنەوە بە شارەکانی ترەوە.
یو ئێن، پشتیوانی لە ڕێککەوتنەکەی حودەیدە دەکات و ئەمڕۆش دووشەممە ڕایگەیاندووە، پەرسەندنەکانی ئەم دواییە "وەرچەرخانێکی گەورەیە لە بەرەکانی شەڕدا،" و هەروەهاش داوا لە لایەنەکان دەکات تا ژیانی خەڵکی سیڤیل بپارێزن، بەتایبەتیش ژیانی ئاوارەکان.
ئاگربەستی حودەیدە، لە ساڵی 2018 لە وڵاتی سوید و لە دواهەمین وتووێژی ئاشتی یەمەندا ڕێککەوتنی لەسەر کرا.
لەو کاتەشەوە لە دەوروبەری شاری حودەیدەدا، شەڕ هەر هەبووە لە نێوان سەرهەڵداوان و هێزەکانی حکومەتی یەمەندا. ئەم بەندەرە گرنگە بۆ گەیاندنی یارمەتی و کۆمەکە مرۆییەکان بۆ ناو یەمەن.
بەهۆی قەیرانی ناوخۆیی یەمەنەوە، دەیان هەزار کەس کوژراون و زۆربەشیان خەڵکی سیڤیلن و بە ملیۆنان خەڵکیش ئاوارەبوون؛ نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە بەدترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا ناودێری دەکات.